خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان داوای مافە داراییەکانیان لە حکوومەت دەکەن

چەند داوایەک لە کابینەی نوێ دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

کۆمەڵەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەبەردەم باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران گردبوونەوەی داوای خەرجکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن.

نوێنەری خۆپیشاندەران یاداشتنامەیەکی خوێندنەوە و رایگەیاند: "هەموومان چاومان لەو کارنامەییە کە جەنابی کاک مەسرور بارزانی خوێندیەوە، بە تایبەتی بڕگەی 9 کە باس لە خزمەتکردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکات".

راشیگەیاند: "داوا دەکەین، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ببینین".

لە یاداشتنامەکەدا هاتووە: "زیاتر لە 150 رۆژە بە بیانووی تەواونەبوونی کاری لیژنە پزیشکییەکان، مووچەی هەزاران خاوەن پێداویستی تایبەت بڕدراوە و داوا دەکەین مووچەکەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا: "داوای گەڕانەوەی مووچە بڕدراوەکانی سەردەمی پاشەکەوتی مووچە دەکەین و داواش دەکەین حکوومەت ئامێری کەم ئەندامیمان بۆ دابین بکات".

لە کۆتایی قسەکانی نوێنەری خۆپیشاندان گووتی، بەهۆی قەیرانی دارایی زۆر نەهامەتیمان چێشت و سووکایەتیمان پێکرا، بۆیە داوا دەکەین یەکەم کاری حکوومەت، جێبەجێکردنی ئەم یاداشتە بێت.

H.J