لە سلێمانی 4 كەس بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك دەستگیر كران
پۆلیس: زانیاری ورد لەسەر تۆمەتباران كۆكراوەتەوە
K24 - سلێمانی
مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی قەزای دوکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی چوار تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە تۆمەتبارن بەکوشتنی هاوڵاتییەك.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "رۆژی 12/7/2019، هاووڵاتی (ت، م) لە گوندی گۆمەزەلی سەر بەناحیەی بنگرد لە قەزای دوکان بەفیشەک کوژرا، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دوکان لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و زانیاری ورد لەسەر تۆمەتباران کۆکرایەوە".
ئاماژە بەوەشكراوە: "رۆژی 15/7/2019 تۆمەتبار (چ، ح، م) خۆی رادەستی بنکەی پۆلیسی رزگاری کرد، پاش رێکارە یاساییەکان تۆمەتبار رەوانەی بەشی پۆلیسی دوکان کراو لە هەمانکاتدا لەلایەن بەشی پۆلیسی دوکانەوە بە هاوکاریی پۆلیسی قەزای رانیە توانرا هەرسێ تۆمەتبار (ج، م، ب - م، ب، پ - ص، م، س) دەستگیربکرێن".
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەکاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتباراندا دەستبەسەر چوار کڵاشینکۆف و یەک رومانە و یەک تاپڕو 11 مەخزەن و 300 فیشەکی کڵاشینکۆف دا گیرا".
لەو راگەیەندراوە باس لەوەكراوە: "سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسی سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە، لەلایەن بەشی پۆلیسی قەزای دوکانەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە".