مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆده‌بێته‌وه
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆبوونه‌وه
K24 - به‌غدا:
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له به‌غدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كۆده‌بێته‌وه.
په‌یامنێری كوردستان 24 له به‌غدا رایگه‌یاند، دوای كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی و شاندی یاوه‌ری له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، شانده‌كه له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆده‌بێته‌وه.
كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ حه‌لبووسی، دوا كۆبوونه‌وه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری ده‌بێت له به‌غدا، كه ئه‌مڕۆ له چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكدا، له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق كۆبوونه‌وه.
هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێششمەرگە، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەندامیەتی شاندەکە دەکەن.
له‌م سه‌ردانه‌دا پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان، بووجە و نەوت، كەركووك، ئاوارەكان، لە دیدارەكان گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، بۆ ئەوەی لە داھاتوویەكی نزیك ھەنگاوی كردەیی بۆ چارەسەری كێشە ھەڵپەسێردراوەكان بنرێت.
لە دوای یەكەمین كۆبوونەوەی فەرمی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە دوێنێ 15/7/2019 ئەنجامدرا، لە راگەیەندراوێكدا حكوومەتی ھەرێم ئاماژەی بەوەكرد، کە شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاکی و گفتوگۆکردن لەبارەی دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا له چوارچێوەى دەستوور، سەردانی بەغدا دەکات.
.jpg)
.jpg)