كه‌ركووك.. ده‌نگۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌درۆ ده‌خرێته‌وه‌

بەبێ رێککەوتن پەرلەمانى عێراق ئامادە نییە هیچ بڕیارێك لەبارەی پارێزگای كه‌ركووك دەربکات

K24- هه‌ولێر:

رێبوار تەها، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند، دەبێت هەر چوار پێکهاتەی سەرەکیی کەرکووك بڕیار لە داهاتووی ئەو پارێزگایە بدەن، چونکە وه‌ك ناوبراو دووپاتی كرده‌وه‌، بەبێ رێککەوتن، پەرلەمان ئامادە نییە هیچ بڕیارێك لەبارەی ئەو پارێزگایە دەربکات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی یه‌كێتی ئاشكراشی كرد، هیچ داواکارییەكی فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووك ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان نەکراوە.

ئاماژەی بەوەش دا، چەند پەرلەمانتارێك لە راگەیاندنەکانەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایەیان کردووە، نەوەك ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی بکەن.

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ لێره‌ و له‌وێ باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت، گوایا هه‌ڵمه‌تێكی كۆكردنه‌وه‌ی واژۆ له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی سوننه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌ستی پێ كردووه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و هێشتنه‌وه‌ی راكان جبووری، پارێزگاری سه‌پێندراوی ئه‌و شاره‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا.

H.B