گۆڕان رێكخەری گشتی ھەڵدەبژێرێتەوە
ھەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن دەكرێت
K24 - سلێمانی
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان وادەی ھەڵبژاردنی رێكخەری گشتیی و خانەی راپەڕاندنی ئەو حزبە دیاركرا.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، بڕیاردرا 14/9/2019 ھەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بكرێت".
بەپێی پەیڕەوی ئەو حزبە دوای ھەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەناو خانەكە ھەڵدەبژێردرێت و ھەڵسوڕاوانی گۆڕان لە دەرەوەی جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتی و خانەی راپەڕاندن دەتوانن بۆ رێكخەری گشتی خۆیان كاندید بكەن.
بەگوێرەی میدیای فەرمی گۆڕان، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی، بڕیار لەبارەى چەند پرسێکى ناوخۆی رێکخراوەییەوە دراوە.