زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و زانکۆی میدڵ تێنێسی ستەیت یاداشتێکییان واژۆ کرد

"دەرفەرتی زیاتر دەداتە قوتابیان لە دەرەوە ماستەر و دکتۆرا بخوێنن"

K24 – هه‌ولێر:

زانکۆی ئەمەریکی کوردستان و زانکۆی میدڵ تێنێسی ستەیت، وەکو بەشێک لە یەکەم هەنگاو بۆ دەستپێکردنی چوار هاوبەشی گەورە لەگەڵ زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، یاداشتێکی لە یەک تێگەیشتنیان واژۆ کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان: "ئەم هاوبەشییە دەرفەت دەدات بە قوتابییانی زانکۆی ئەمەریکی کوردستان کە بەشێک لە خوێندنەکەیان لە زانکۆی میدڵ تێنێسی ستەیت تەواو بکەن یان بەرەو خوێندنی ماستەر و دکتۆرا بڕۆن".

لە راگەیەندراوەکە هاتووە: "رێگا دەدات بە قوتابیان زیاتر لەناو 160 پرۆگرامی خوێندن هەڵبژێرن و بخوێنن".

 لە هەمان کات دا، قوتابیانی میدڵ تێنێسی ستەیت دەتوانن لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان ساڵێک بۆ دوو ساڵ درێژە بە خوێندنەکەیان بدەن.

مایکڵ مککلێلن، بەڕێوەبەری پێشبردنی خوێندن لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە داوە: "ئەمە یەکێکە لە کۆمەڵە هاوبەشیێک کە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان-دهۆک لەگەڵ زانکۆکانی ئەمریکا واژۆیان دەکات".

جگە لە زانکۆی میدڵ تێنێسی ستەیت، زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک کار دەکات لەگەڵ زانکۆی هۆستن، وەین ستەیت و زانکۆی بوفاڵۆ بۆ ئیمزا کردنی زنجیرە هاوبەشیێکی گرنگ. ئێدی قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک توانای ئەوەیان دەبێت کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درێژە بە خوێندنیان بدەن

زانکۆی میدڵ تێنێسی ستەیت 40 کم لە ناشڤیڵەوە دوورە، خاوەن گەورەترین رەوەندی کورد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

 H.J