هه‌ولێر و به‌غدا له رێككه‌وتن نزیكن
هه‌ولێر و به‌غدا له رێككه‌وتن نزیكن و سێ پرسی گرنگ له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێ كراوه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای به‌غدا كۆبووه‌وه و به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24یش، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سێ پرسی گرنگ تاووتوێ كراون.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندنی باڵای حكوومه‌تی عێراقی له هه‌ولێر، بۆ گفتوگۆكردن بووه له‌باره‌ی نووسینه‌وه‌ی ره‌شنووسێكی هاوبه‌شی تایبه‌ت به چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و كوردستان24یش زانیویه‌تی هه‌ردوولا نزیكن له گه‌یشتن به‌رێككه‌وتن.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه له كه‌شێكی ئه‌رێنیدا به‌ڕێوه‌چوو، كوردستان24 زانیوویه‌تی كه گفتوگۆ له‌باره‌ی سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كراون، كه ئه‌وانیش بریتی بوون له مه‌له‌فی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها مه‌له‌فی نه‌وت و غاز و كێشه داراییه‌كان.
له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا رێككه‌وتن كه لێژنه هونه‌رییه‌كان درێژه به گفتوگۆكانیان بده‌ن و به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، بگه‌نه چاره‌سه‌رێكی كۆتایی بۆ سه‌رجه‌م پرسه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێكهاتبوو له قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت و رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ و ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و شاندی باڵای حكوومه‌تی عێراقیش پێكهاتبوون له فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و جێگری سەرۆك وەزیران، سامر غەزبان وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ کاروباری وزە، فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و محه‌مه‌د ئەلهاشمی، بەڕێوبەری نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دێت، کە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق رێککەوتبوون چه‌ند لێژنەیه‌ك بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست بە گفتوگۆ بکەن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24، بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو، لێژنه ته‌كنیكییه‌كانی وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كان له به‌غدا كۆببنه‌وه و گفتوگۆ له باره‌ی هه‌ر سێ پرسی ناوچه كوردستانییه‌كان، نه‌وت و غاز، كێشه داراییه‌كان بكه‌ن.
.jpg)
.jpg)
.jpg)
.jpg)
ئ. م