هەولێر و بەغدا میکانیزمێکی نوێ بۆ بەرێوەبردنی ناوچە کوردستانیەکان داده‌نێن

سوپا و حه‌شد و پۆلیسی فیدرالی ناتوانن به‌بێ پێشمه‌رگه‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ بپارێزن

K24 - هه‌ولێر:

ئەندامێکی لیژنەی پێشمەرگە له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشکرای دەکات لەم نزیکانە هەولێر و بەغدا لەسەر میکانیزمێکی تازە بۆ بەرێوەبردنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەگەنە رێککەوتن و دەشڵێت: "بەبێ پێشمەرگە، سوپا و حەشدی شەعبی ناتوانن ناوچەکە بپارێزن".

ئەندامێکی لیژنەی بەرگری ئاسایشی نیشتیمانیش کەمتەرخەمی  بۆ چارەسەری ئەو کێشانە، دەخاتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق.

دۆخی ناوچە کوردستانيیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبێت و چەکدارانی داعش چالاکی و تەقینەوە و هێرشەکانیان زیاتر دەکەن، سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبیش، توانای کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان نییە. هەولێرو بەغدا لە گفتوگۆدان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.

ئەندامێکی لێژنەی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، دۆخی ناوچە کوردستانیيەکان خراپە و رایده‌گه‌یه‌نێت، بەبێ گەڕانەوەی پێشمەرگە حکوومەتی عێراق توانای کۆنترڵکردنی ئەو ناوچانەی نیيە دەشڵێت هەولێرو بەغدا لە رێککەوتن بۆ بەرێوەبەردنی ئەو ناوچانە نزیکن.

داعش لە رۆژێکدا لە شنگال و سنووری کەرکووك هێرشی چەکداری کردە سەر چەند گوندێك و بەردەوامیشە لە کاری کوشتن و سەرانە وەرگرتن و دانانى  بۆمب بە هێزە عێراقيیەکان.

حکوومەتی عێراق بۆی دەرکەوتووە بەبێ پێشمەرگە ناتوانێت ئەو ناوچانە بەرێوەببات.

ئەم هۆکارانەی لە ساڵی 2014 بووە هۆی سەرهەڵدانی داعش و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی خاکی عێراق، دوای ئازادکردنیشیان بەهۆی سیاسەتی حکوومەتی عێراق و خراپی مامەڵەی هێزە عێراقيیەکان  مەترسی ئەوە هەیە داعش سیناریۆکانی 2014 دووبارە بکاتەوە بۆ رێگری لەم حاڵەتەش  تاکە چارەسەر رێککەوتنی هەولێرو بەغدایە  لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە و بەرێوەبردنی ئەو ناوچانە بەهاوبەشی.

ئ. م