ئێزدییه‌كان میرێكی نوێ ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن
وه‌كیله‌كه‌ی میر ته‌حسین ده‌كرێته میر
K24 - هه‌ولێر:
ئەمڕۆ شه‌ممه 27/7/2019، لە پەرستگای لالش رێوڕەسمێک بۆ دەستنیشانکردنی میری نوێی ئێزدییه‌كان بەڕێوەدەچێت.
پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە پەرستگای لالش لە شێخان، رێوڕەسمێک بۆ دەستنیشانکردنی حازم میر تەحسین بەگ، وەک میری نوێی ئێزدیان بەڕێوەدەچێت".
دوای نزیكه‌ی شەش مانگ گفتوگۆكردن بۆ دیاریكردنی میری نوێ، ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی حازم میر ته‌حسین به‌گه رێككه‌وتن و بڕیاره رێوڕه‌سمێكی تایبه‌ت و گه‌وره بۆ ده‌ستنیشانكردنی میری نوێ له كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت.

حازم تەحسین بەگ، کوڕی میر تەحسین بەگە و لە ساڵی 1963 لە باعەدرێ لەدایکبووە و لە ساڵی 1989 وە وەکیلی میر تەحسین بەگی باوکی بووە.
رۆژی 28ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی جیهان لە ئەڵمانیا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.