سیاسه‌تمه‌دارانی رۆژئاوای كوردستان ھەڕەشەكانی پەكەكە رەتدەكەنەوە

"پێویسته‌ هه‌موومان رێز له‌ سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان بگرین"

K24- هه‌ولێر:

پەنابەر و سیاسەتمەدارانی رۆژئاوای كوردستان رایدەگەیەنن، نابێت ھیچ پارت و رێكخراوێك ببێتە مایەی ھەڕەشە و تێكدانی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان، جه‌ختیش ده‌كه‌نه‌وه‌، پێویستە ھەموو كه‌س و لایه‌نێك رێز لە سەروەری ھەرێمی كوردستان بگرن.

په‌نابه‌رانی كوردی رۆژئاوای كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان لێدوان و ره‌فتاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی به‌رپرسان، ئه‌ندام و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ڵێن: ئه‌ركی هه‌موومانه‌ پارێزگاری له‌و ئاسایش و سه‌قامگیریه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و، كاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستدار بۆ تێكدانی دۆخی هه‌رێمی كوردستان ناوده‌به‌ن.

رۆنی عه‌لی، كه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی رۆژئاوای كوردستانه‌ ده‌ڵێت: نابێت هیچ لایه‌نێك ببێته‌ هۆكار بۆ ئالۆزكردنی ئارامی و سه‌قامگیری كوردستان و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێمی كوردستان بگیرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، هه‌ر لایه‌نێكی كوردستانی كه‌ نیازی به‌جێگه‌یاندنی پڕۆژه‌یه‌كی كوردستانی بێت، پێویسته‌ سوود له‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت و ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ستهاتووه‌، بكاته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ داهاتووی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش.

ده‌شڵێت، هه‌ر هه‌وڵێك بۆ تێكدانی دۆخی هه‌رێمی كوردستان، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌موومان ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌یه‌كه‌وه‌ پارێزگاری له‌و ئارامییه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌ ئارادایه‌.

H.B

Fly Erbil Advertisment