مەیدانی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵانی سلێمانی ھاووڵاتیان ھەراسان دەكات
شارەوانی سلێمانی لە هەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاودایە
K24 - سلێمانی
بەھۆی نزیکی مەیدانی کڕین و فرشتنی ئاژەڵانی سلێمانی لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، بە تایبەتیش لە وەرزی ھاویندا، بۆنێکی ناخۆش بڵاودەکاتەوە، ئەوەش بووەتە ھۆی بێزاركردنی خەڵکی نیشتەجێی ئەو گەڕەکانە و چەندین جار داوایان لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی و قایمقامیەت کردووە ئەو شوێنە بگوازرێتە. ئێستاش بڕیارە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە سلێمانی بگوازرێتەوە و شارەوانی سلێمانیش لە ھەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاوە.
رۆژانە لەو مەیدانە کڕین و فرۆشتن بە سەدان سەر ئاژەڵ دەکرێت و بە دەیان ئاژەڵیش ھەر لەو شوێنە سەردەبڕدرێن، بەھۆی نزیکیشیانەوە لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، بە تایبەتیش لە وەرزی ھاوین بۆنێکی ناخۆش بڵاودەکاتەوە، ئەوەش بووەتە ھۆی بێزاری خەڵکی نیشتەجێی ئەو گەڕەکانە و چەندجاریش داوای گواستنەوەی مەیدانەكەیان لە ئیدارەی پارێزگای سلێمانی كردووە، بۆیە بڕیارە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان لە سلێمانی بگوازرێتەوە، ئەمەش ناڕەزایی ئەو کەسانەی بەدوای خۆیدا ھێناوە کە رۆژانە بژێوی ژیانیان لەو شوێنەیە.
شارەوانی سلێمانی لە ھەوڵی دۆزینەوەی شوێنێکن بۆ مەیدانی ئاژەڵان، لە ناوچەی دەمیرکان سەیری چەند شوێنێکیان کردووە کە دەکەوێتە نزیک عەربەت، بەڵام تاوەکو ئێستا شوێنەکە بە تەواوەتی دەستنیشان نەکراوە، ھاوکات لەسەر ئەوە کۆکن شوێنەکە لەنێوان عەربەت و سلێمانی دەبێت شوێنێکیش دەستنیشان کراوە کە رووبەرەکەی نزیکەی 80 دۆنم دەبێت و لەکاتی گواستنەوەش مەیدانەکە شیوازێکی مۆدێرنی دەبیت و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی تێدا دەبێت، شوێنەکەش نابێت لە سنووری ماستەر پلاندا بێت، بۆیە شوێنێکی دوور لە شار دەستنیشانکراوە.
بەپێی ئامارەکانی ڤێترێنەری سلێمانی ساڵی رابردوو 579 ھەزار و 926 سەر ئاژەڵ لە سلێمانی سەربڕدراون، کە 456 ھەزار و 874 سەر مەڕ بووە، 55 ھەزار 834 سەر بزن بووە و 67 ھەزار 218 سەریش رەشە وڵاخ بوونە.
ھ.م