داعش لە سنووری كفری ھێرشی كردە سەر ھێزە ئەمنییەكان
شەھید و بریندار ھەن
K24 - گەرمیان
ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری گەرمیان رایگەیاند: "درەنگانی شەوی رابردوو، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر بازگەیەكی ئاسایشی گەرمیان لە ناحیەی کوڵەجۆی سەر بە قەزای کفری، هاوكات بە ھاوەنیش بۆردومانی ناو ناحیەکە کراوە".
سهڵاح بابان، ئەندامی ئەنجومەنی ناحیەی قەرەتەپە بە کوردستان24ی راگەیاند: "بە ھۆی ھێرشەكەی شەوی رابردووی داعش بۆ سەر ھێزە ئەمنییەكانی سنووری كفری، دوو كارمەندی ئاسایش و كارمەندێكی دژەتیرۆر و ھاووڵاتییەك شەھید بوون، ھەروەھا ژمارەیەكی دیكە لە كارمەندانی ئاسایش و ھاووڵاتیان بریندارن".
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "لەناو بریندارەكانی ناحیەی كوڵەجۆ ژن ھەن، چونكە گولـلە ھاوەنێك بەر ماڵی ھاووڵاتییەك كەوتووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی ناحیەی قەرەتەپە راشیگەیاند: "دوای گەیشتنی ھێزێکی زۆری پێشمەرگە و ئاسایش بۆ ناوچەکە، چەکدارانی داعش ناوچەکەیان جێ ھێشتووە".
پەیامنێرمان روونی كردەوە: "ئەو كەسانەی بە ھۆی ھێرشەكە شەھید بوون، بریتین لە ئاسۆ جەلال، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش لە ناوچەكە، حەیدەر فوئاد كارمەندی ئاسایش و دانیشتوی خانەقین، بارزان ئەحمەد و پشتیوان محەممەد".
ھ.م



