لە ئەمریکا سندووقەکان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، دەیان ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی لە سەرانسەری ویلایەتەکاندا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس. ئەم هەڵبژاردنە بە گرنگترین تاقیکردنەوەی سیاسی دادەنرێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی دوو ساڵی کۆتایی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، کە ئایا کۆمارییەکان باڵادەستیی خۆیان دەپارێزن یان دیموکراتەکان بە سوودوەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و شەڕی هەشت مانگەی دژ بە ئێران، کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەگرنە دەست.

کێبڕکێی ئەمڕۆ لەسەر سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجوومەنی پیران، لەگەڵ پۆستی پارێزگاری 36 ویلایەت بەڕێوە دەچێت:

ئەنجوومەنی پیران: ئێستا کۆمارییەکان بە 53 بەرامبەر 47 کورسی زۆرینەن. دیموکراتەکان بۆ گرتنەدەستی زۆرینە پێویستیان بە بردنەوەی چوار کورسیی زیاتر هەیە، چونکە یەکسانبوون (50 بە 50) بەهۆی دەنگی یەکلاکەرەوەی جەی دی ڤانسی جێگری سەرۆک، لە بەرژەوەندیی کۆمارییەکان دەشکێتەوە.

ئەنجوومەنی نوێنەران: دیموکراتەکان تەنیا پێویستیان بە بردنەوەی سێ بۆ چوار کورسییە تاوەکو بگەنە بەربەستی 218 کورسی و زۆرینەی ئەنجوومەنەکە مسۆگەر بکەن.

چارەنووسی ئەنجوومەنی پیران لە هەشت ویلایەتی یەکلاکەرەوەدا دەبەسترێتەوە کە چەندین پێگەی نەریتیی کۆمارییەکانیشی گرتووەتەوە:

1. تەکساس: کێبڕکێیەکی مێژوویی لە نێوان "جەیمس تالاریکۆ" کاندیدی گەنج و پێشکەوتنخوازی دیموکراتەکان لە بەرامبەر "کین پاکستۆن" داواکاری گشتیی کۆماری و لایەنگری سەرسەختی ترەمپ.

2. کارۆلینای باکوور: "رۆی کووپەر" پارێزگاری پێشووی دیموکرات هەوڵی بەدەستهێنانی کورسییەک دەدات کە پێشتر لە دەست کۆمارییەکاندا بوو.

3. میشیگن: ململانێیەکی توند لە نێوان "مایک رۆجەرز"ی کۆماری و "د. عەبدول سەید" کاندیدی باڵی چەپی دیموکراتەکان.

4. ئۆهایۆ: "شێرۆد براون" سیناتۆری پێشووی دیموکرات هەوڵی گەڕانەوە دەدات لە بەرامبەر "جۆن هیوستد"ی کۆماری کە پڕخەرجترین کێبڕکێی ئەم خولەیە.

5. ئالاسکا: "ماری پێڵتۆلا" کاندیدی دیموکراتەکان پێگەیەکی بەهێزی بەرامبەر "دانیال سولیڤان"ی سیناتۆری کۆماری دروست کردووە.

6. مەین: سیناتۆری کۆماریی میانڕەو "سوزان کۆلینز" رووبەڕووی بەرەنگارییەکی سەخت بووەتەوە بەرامبەر "ترۆی جاکسن".

7. ئایۆوا و کانزاس: دوو ویلایەتی کشتوکاڵی کە ترەمپ لە هەڵبژاردنی پێشوودا بە ئاسانی بردبوونیەوە، بەڵام بەهۆی دابەزینی داهاتی جووتیاران، کاندیدانی دیموکرات کێبڕکێیەکی چاوەڕواننەکراویان دروست کردووە.

دەنگی شەقام؛ هاووڵاتییانی ئەمریکا لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان چی دەڵێن؟

ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" (AFP) لە رووماڵێکی مەیدانیدا لە چەندین ویلایەتی جیاواز، رای دەنگدەرانی وەرگرتووە کە هۆکاری سەرەکیی هەڵبژاردنەکانیان ئاشکرا دەکەن:

دۆنتا کۆمەر، هاووڵاتییەکی تەمەن 38 ساڵ لە شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا دەڵێت: "هەموو پرسەکە پەیوەستە بە تێچووی ژیان و نرخی بەنزین، نرخی شتومەک بۆ هاووڵاتییەکی ئاسایی زۆر قورس بووە و پێویستە ئەم دۆخە بگۆڕدرێت."

جەنگی ئێران و بەڵێنی شکێنراوی ترەمپ

لە واشنتنی پایتەخت، وێس پیرۆن رەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ دەگرێت و دەڵێت: "ئەم شەڕەی دژ بە ئێران مایەی بێئومێدییە. ترەمپ بەڵێنی دا کە هیچ شەڕێکی نوێ هەڵنەگیرسێنێت کەچی پێچەوانەکەی کرد؛ ئێمە نازانین ئامانجی ئەو شەڕە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە و کەی تەواو دەبێت."

رەفتاری توندی دژ بە کۆچبەران

دیانا ئەلڤارێز، پارێزەر لە ویلایەتی فلۆریدا ئاماژە بەوە دەکات، سەرەڕای گرنگیی سنوورەکان، رەفتاری توند و توندوتیژیی دەزگای کۆچبەری (ICE) لە دژی پەنابەران زۆر لە سنوور دەرچووە و ناکرێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤدا بکرێت.

ترسی کۆمارییەکان لە سۆشیالیزم

لە بەرامبەردا، دەنگدەرانی پارتی کۆماری هۆشداری لە هاتنەسەرکاری دیموکراتەکان دەدەن؛ داریل رولی، هاووڵاتییەکی تەمەن 84 ساڵ لە تەکساس دەڵێت: "زۆرێک لە گەنجانی ئەمڕۆ پێیان وایە سۆشیالیزم چارەسەرە، بەڵام ئەوان لە مێژوو تێنەگەیشتوون و نازانن چ مەترسییەکە بۆ سەر ئابووریی ئەمریکا."

ململانێی میشیگن؛ چاودێریی تەندروستی بەرامبەر تۆمەتی تیرۆر:

لە ویلایەتی میشیگن، ماکەیلا بۆرندێس کە مامۆستایەکی خانەنشینە و پشتیوانی لە "عەبدول سەید"ی کاندیدی دیموکرات دەکات، دەڵێت: "ترەمپ بە ناهەق ناوی جیهادی لە عەبدول سەید ناوە، لە کاتێکدا ئەو تەنیا دەیەوێت کەرتی تەندروستی بۆ هەمووان بێبەرامبەر بێت و یارمەتیی هەژاران بدات."

کێشەی تەکنیکی لە نیویۆرک و لەمپەری کەشوهەوا لە باشوور

لە رۆژی دەنگداندا، لە ناوچەی "ویستچێستەر"ی سەر بە ویلایەتی نیویۆرک، ئامێرەکانی دەنگدان لە وەرگرتنی کارتی کاغەزی تووشی کێشەی تەکنیکی بوون، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دڵنیایی دا کە دەنگەکان لە کیسەی فریاگوزاریدا پارێزراون و دواتر بە دەست دەژمێردرێن.

هاوکات لە بەشێک لە ناوچەکانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە لەوانەش کۆلۆرادۆ، ئەریزۆنا، یوتا و نیومەکسیکۆ، بارانبارینی بەخوڕ و لافاو بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لە بەردەم گەیشتنی هاووڵاتییان بۆ بنکەکانی دەنگدان، کە بەهۆیەوە لە هەندێک ناوچەی دوورەدەست رێگە بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی دراوە.

گومانەکانی ترەمپ و گورزی دادگای باڵا

دۆناڵد ترەمپ کە بە درێژایی مانگەکانی رابردوو گومانی لە پاکیی هەڵبژاردنەکان دروست دەکرد، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە قبووڵکردنی ئەنجامەکان گوتی: "تەنیا ئەگەر دەستپاکی هەبێت، قبووڵی دەکەم."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دادگای باڵای ئەمریکا شەوی رابردوو هەوڵێکی وەزارەتی دادی ترەمپی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەزاران دەنگی پۆست لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بە بیانووی "دەنگی بیانییەکان" رەتکردەوە، هاوکات دادوەرێکی فیدراڵیش ناردنی لیستی گوماناوی لە لایەن کۆشکی سپییەوە بۆ سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردن قەدەخە کرد.

54 ملیۆن دەنگ پێش کاتی سەرەکی دراون

بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی تۆڕی NBC News، لە دەنگدانی پێشوەختەدا ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کراوە و 53 ملیۆن و 924 هەزار کەس دەنگیان داوە (30.4 ملیۆن بە شێوەی مەیدانی و 23.5 ملیۆن لە رێگەی پۆستەوە). لەو ویلایەتانەی سەر بە کام لایەن بوونی هاووڵاتییان تۆمار دەکەن، پارتی دیموکرات بە رێژەی 46% پێشەنگی گرتووە بەرامبەر 35% بۆ پارتی کۆماری و 19% بۆ دەنگدەرانی سەربەخۆ.

سەرجەم چاوەکان لە کاتژمێرەکانی درەنگانی ئەمشەودا لەسەر دەستپێکردنی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەبن، کە بڕیار لەسەر هاوسەنگیی هێز لە نێوان دیموکراتەکان و کۆشکی سپیدا دەدات.