مه‌ترسییه‌كانی داعش له ناوچه كوردستانییه‌كان له جموجووڵه‌وه گۆڕاوه بۆ هێرشكردن
"چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه سوودیان له بۆشایی ئه‌منیی ئه‌و ناوچانه وه‌رگرتووه"
K24- كفری:
مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له جموجووڵه‌وه گۆڕاوه بۆ هێرشكردن و په‌لاماردانی هاوڵاتیان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاسایش، به تایبه‌ت ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه‌ی نێوان سه‌نگه‌ره‌كانی سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان كردووه‌ته شوێنی خۆمه‌ڵاسدان بۆ رێكخستنه‌وه و هێرش و په‌لاماردان.
له دوایین گۆڕانكارییه‌كانیشدا شه‌وی رابردوو داعش ھێرشێکی بۆ سەر ھێزەکانی ئاسایش و ھاوڵاتیانی شارەدێی کوڵەجۆی سەربە قه‌زای کفری ئه‌نجامدا و 4 کارمەندی ئاسایش و پێشمەرگە شەھیدبوون و 8 ھاوڵاتیش برینداربوون.
ھۆکارەکانی سەرھەڵدانەوە و زۆر بونی پەلامارە تیرۆرستیه‌کانی داعش لەسنوری خانەقین و گوڵاڵە و ناوچەکوردستانیه‌کانی دیکەی سنوری پارێزگای دیالە، بەقسەی فەرماندەکانی پێشمەرگە بۆئەو بۆشایە ئەمنیە دەگەڕێتەوە، کە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق درووست بووە.
لەماوەی کەمتر لە 3 ھەفتەی ڕابردوودا تەنھا لە سنووری گوڵاڵە و گوندەکانی ده‌وروبه‌ری، 21 ھاووڵاتی، پۆلیس، سەرباز، پێشمەرگە و ئاسایش شەھیدوو بریندار بوونه. دانیشتوانی ئەو ناوچانە و بەرپرسە ئیداری و فەرماندەکانی پێشمەرگەش دەڵێن: تا پێشمەرگە نەگەریتەوە ناوچەکە، دۆخی ئەمنی بۆ پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ناگه‌ڕێته‌وه.
H.B