لە چیای قەرەچووغ ھێرش كرایە سەر داعش

زانیاری ھەواڵگریی لەسەر شوێنەكە دراوە

K24 - ھەولێر

لە بۆردومانێکی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ سەر زنجیرە چیای قەرەچووغ، شەش چەکداری داعش کوژران.

شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاوی کردەوە، لە بۆردومانێکی ئاسمانیی هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ سەر زنجیرە چیای قەرەچووغ، شەش چەکداری داعش کوژران.

ئاماژە بەوەش كراوە، بۆردومانەکە دوای دەستکەوتنی زانیاریی هەواڵگریی بووە لەسەر شوێنی چەکدارەکان.

لەلایەكی دیكە و لە کاتی بەرپەچدانەوەی هێرشێکی داعش بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان، لە نزیک گوندێکی سەر بە شارەدێی عەببارە، لە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە، دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.

لە سەرەتای ئەم ھەفتەیە، ھێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش، ھێرشێكی چەكدارانی داعشیان لە ناحیەی كوڵەجۆی سنووری قەزی كفری تێك شكاند.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و كشانەوەی ھێزی پێشمەرگە، بۆشایی ئەمنیی لە ناوچە كوردستانییەكان دروست بووە، ئەمەش وای كردووە كە چەكدارانی داعش لە چەندین ناوچە دزە بكەن و پەلاماری ھێزە سەربازیی و ئەمنییەكان بدەن.

ھەرچەندە لە 9/12/2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عێراق، كۆتاییھاتنی داعشی لە عێراق راگەیاند، بەڵام چەكدارانی داعش لە پەلامار و تەقینەوە دژی ھێزەكانی عێراق و خەڵك بەردەوام بوونە، لەم ماوەیەی دواییشدا بە ھۆی بۆشایی ئەمنییەوە، بە ئاشكرا لە چەند ناوچەیەكی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دەردەكەون.

ھ.م