سوپای توركیا دوو گوندی سنووری عه‌فرینی تۆپباران كرد

له‌ ئاكامدا هاووڵاتییه‌ك گیانی له‌ده‌ستدا و دووی دیكه‌ بریندار بوون

K24 – هه‌ولێر:

سوپای تورکیا دوو گوندی سنووری عەفرینی تۆپباران كرد و له‌ ئاكامدا هاووڵاتییه‌ك گیانی له‌ده‌ستدا و دووی دیكه‌ بریندار بوون.

بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24 سوپای تورکیا هەردوو گوندی مەزن و برج قاسێی لە سنووری ناحیەی شێراوا لە عەفرین تۆپباران کردووه‌ و بە هۆیەوە هاووڵاتییەک گیانی لەدەستداوه‌ و دوو هاووڵاتی دیکە برینداربوون.

دوای کۆنتڕۆڵکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا لە ساڵی رابردوو، 12 گوندی سنووری ناوچەکانی شێراوا لەژێر دەستی هێزەکانی یەپەگەدا ماون و بەردەوامیش لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران دەکرێن.

له‌ سه‌ره‌تای ساڵی رابردوودا سوپای توركیا هێرشی بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ستپێكرد و دوای 58 رۆژ له‌ شه‌ڕ و پێكدادان توانی كۆنترۆڵی شاره‌كه‌ بكات و ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ تێیدا كۆتایی پێ بهێنێت.