كه‌ركووك.. هه‌وڵ ده‌درێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا دوابخرێت

پارتی: له‌م دۆخه‌دا هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركووك زیانی بۆ كورد ده‌بێت

K24- كه‌ركووك:

هەوڵێکی نوێ له‌ ئارادایه‌، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بۆ ساڵێكی دیكه‌ دوابخرێت، یان تا ئەو کاتەی کە دۆخی سەربازی لە کەرکووك نامێنێ و ئاسایی دەکرێتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت ئەم هەوڵە سەربگرێت، چونکە پێیان وایە لەم دۆخە سەربازییه‌ی کەرکووك و لەسایه‌ی ئیدارەیەکی سەپێنراودا، کورد دەنگەکانی کەم دەکات و هەڵبژاردن بەزیانی ئەوان تەواو دەبێت، لەب ەرامبەریشدا دەنگی عەرەب لە رێگه‌ی به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی تەعریب زیاد دەکات.

عه‌دنان كه‌ركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەركووك گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت: تا ئەو هێزە سەربازیانە لە کەرکووك بن، هەڵبژاردن لەقازانجی کورد تەواو نابێ، جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، هه‌وڵ بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌و شاره‌ ده‌ده‌ن، تا ئه‌و كاته‌ی دۆخی كه‌ركووك ئاسایی ده‌كرێته‌وه‌.

هاوكات یەکێتی نیشتمیانی کودستانیش هاتووه‌ته‌ سەر ئەو بۆچونەی، کە پێویسته‌ هەڵبژاردن بۆ ماوەیەك دوابخرێت، بەڵام گلەیی ئەوان زیاتر لە یاسای هەڵبژاردنەکانە کە پەسەندکراوە، وه‌ك ئازاد جه‌باری، ئەندامی یه‌كێتی له‌ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ئه‌ندامانی یەکێتی لەم ئەنجوومەنە له‌و باوه‌ڕه‌دان، بەپێی یاسا تازەکەی پەرلەمانی عێراق، نزیکەی٥٠ هەزار کورد لەو دەنگدانە بێ بەش دەبن.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکان بڕیاری پەرلەمانی عێراقی پێیە، بۆ ئه‌وه‌ی لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٠ لە سەرجەم شارەکانی عێراق هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدات، بەڵام دەسەڵاتی دواخستنی هەر پارێزگایەك دراوە بەسەرۆك وەزیرانی عێراق.

H.B