شاره‌وانی ده‌ربه‌ندیخان كاره‌بای كارگه‌كانی به‌ردی پچڕاند

خه‌ڵكیان بێزار كردبوو

K24 – ده‌ربه‌ندیخان:

بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی شارەوانی کارەبای کارگەکانی به‌رد له‌ نزیک دەربەندیخان بڕا.

لەسەر سکاڵای زۆری هاووڵاتیان لەبەرانبەر بێزاربوونیان لەدەنگەدەنگ و تەپوتۆزی کارگەکان و دوای چەندینجار ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانی دەربەندیخانەوە دواجار کارەبای کارگەکانی وردکردن و بڕینی بەرد لەنزیک دەربەندیخان بڕدرا.

زمناکۆ انوەر، سه‌رۆكی شاره‌وانی ده‌ربه‌ندیخان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەیان لە ئەنجامی پێشێلکاری زۆری کارگەکان هات لە بەرانبەر زیادەڕەوی کردنی بەشێکیان لەسەر زەوی گشتی و نەبوونی مۆڵەتی کارکردن و رەچاونەکردنی ژینگەی شارەکە و هه‌روه‌ها رەچاونەکردنی کات و ساتی کارکردنیان لەشەو و رۆژدا کە ماڵەکانی نزیک کارگەکانیان بێزار کردبوو.

راشیگەیاند، لە رابردوودا بڕیاری گواستنەوەیان راگیرابوو بە هۆی پەسەند نەکردنی جێگا نوێیەکەیان. 

ئاماده‌كردن و فۆتۆ: كاروان یاره‌