حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی مووچەی بەشێک لە خاوەن پێداویستە تایبەتەکان بڵاوکردەوە
"هەوڵی بە حیزبی کردنی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران دەدرێت"
K24 – ههولێر:
جوتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی بە حزبی کردنی بابەتی گەڕاندنەوەی مووچەی 13 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی گووتەبێژی حکوومەت: " ھەندێ کەنالی راگەیاندن بە شێوەیەک بابەتی گەڕاندنەوەی یارمەتیی 13 ھەزار خاوەنپێداویستی تایبەتیان خستۆتەڕوو کە گوایە دەستکەوتی حزبێکە".
ئاماژەی بەوەشکردووە: " لێرەدا ڕوونی دەکەینەوە کە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی ژمارە ٤ی ئەنجوومەنی وەزیرانی رێککەوتی 07/08/2019 بڕیاری لە سەر دراوە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیی دەکاتەوە کە حکوومەت هی هەموو هاووڵاتیانە و لە لایەن هیچ حیزب و لایەن و گروپی سیاسی خاوەندارێتیی ناکرێت.
دەقی روونکردنەوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
ھەندێ کەنالی راگەیاندن بە شێوەیەک بابەتی گەڕاندنەوەی یارمەتیی 13 ھەزار خاوەنپێداویستی تایبەتیان خستۆتەڕوو کە گوایە دەستکەوتی حزبێکە.
لێرەدا ڕوونی دەکەینەوە کە ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی ژمارە 4ی ئەنجوومەنی وەزیرانی رێککەوتی 07/08/2019 بڕیاری لە سەر دراوە.
حکومەتی ھەرێم موڵکی ھەموو ھاووڵاتیانی کوردستانە و ھەر بڕیارێکیش لە لایەن حکومەتەوە دەدرێت ھی ھەموو ھەرێمی کوردستانە و لایەنە بەشداربووەکانی ناو حکومەتیش لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا بە بێ جیاوازی خزمەتی ھەموو ھاووڵاتیان دەکەن.
ھەروەک بەرێز سەرۆکوەزیرانی ھەرێم لە پێشەکیی ھێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمیشدا ئاماژەی پێداوە، وەزارەتەکان ھی حکومەتی ھەرێمن نەک حیزبە بەشداربووەکانی ناو کابینە.
ھیوادارین دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبەکانی بەشداربووی ناو حکومەت ڕەچاوی ئەم بنەمایە بکەن.