پۆلیسی هەولێر وادەی سەردانیكردنی راگیراوانی لە رۆژانی جەژندا راگەیاند

"رۆژی یەكەمی جەژن سەردانیكردنی راگیراوان رێگاپێدراو نییە"

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر، وادەی سەردانیكردنی راگیراوانی لە رۆژانی جەژنی قورباندا راگەیاند.

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە رۆژی دووەم و سێیەمی جەژنی قورباندا، كەسوكاری راگیراوان دەتوانن سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوە بكەن، بەڵام رۆژی یەكەم رێگاپێدراو نییە.

لەوبارەوە موقەدەمی مافپەروەر، خەسرۆ غازی خۆشناو، بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر، راگەیاند: "رۆژی یەكەمی جەژنی قوربان، كە دەكاتە یەكشەممەی داهاتوو 11-8-2019 سەردانیكردنی راگیراوان رێگاپێدراو نییە، بەڵام رۆژی دووەم و سێیەم كەسوكاری راگیراوان دەتوانن سەردانیان بكەن".

روونیكردووەتەوە: "رۆژی دووەمی جەژن 12-8-2019 تایبەتە بە ئافرەتان و هەروەها رۆژی سێیەمیش 13-8-2019 پیاوان دەتوانن سەردانی راگیراوان بكەن".

 گوتیشی: "ئامادەكارییان بۆ پێشوازیكردن لە سەردانیكاران كردووە و هیواشی خواست كەسوكاری راگیراوان لە كاتی سەردانیكردندا رەچاوی رێنماییەكانی پۆلیس بكەن".

بەڕێوەبەری پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی هەولێر دەشڵێت: "كاتی سەردانیكرن لە هەردوو رۆژی دووەم و سێیەمی جەژندا، لە كاتژمێر 8ـی بەیانییەوە بۆ كاتژمێر 12ـی نیوەڕۆیە و دوای جەژنیش سیستمەكە وەك پێشووی لێدێتەوە".

ھ.م