کچێکی دیکەی ئێزدی رزگار كرا
نزیكەی 3 ھەزار ئێزدی رزگار نەكراون
K24 - دھۆك
كچێكی دیكەی ئێزدی كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێندرابوو، لە رۆژئاوای كوردستان رزگار كرا و لە شنگال بە كەسوكاری شاد بووەوە.
ماھیر شنگالی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: "کچێکی دیکەی ئێزدی بە ناوی دڵسۆز مستۆ عەمێ، کە خەڵکی گوندی کۆجۆیە لە شنگال، دوای پێنج ساڵ رفاندنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (ھەسەدە) رزگارکراوە و لە شنگال بە كەسوكاری شادبووەوە".
کەمپی هۆل لە سووریا زیاتر لە 70 هەزار کەسی لە ژنان و ئەندامانی داعشی تێدا نیشتەجێ کراوە.

بەگوێرەی دوایین ئاماری نووسینگهی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی تائێستا 2 ههزار و 908 كهس لە ژێر دەستی داعش ماون، لهو ژمارهیهش ههزار و 323یان ئافرهتن و ههزار و 585 كهسیان له رهگهزی نێرن.
ھەر بەپێی ئەو ئامارە، تائێستا 360 ههزار كەسی شنگال و دەوروبەری ئاوارەن و ھەزار و 293 بەھۆی پەلاماری داعش شەھیدبوونە. 2 ھەزار و 745 منداڵ بێ باوك بوونە.
ھ.م