كچه كوردێك دوای چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك ئه‌و كه‌سه ده‌دۆزێته‌وه كه به منداڵی پایسكلێكی به‌دیاری داوه‌تێ
كاتێكی دیارییه‌كه‌ی داوه‌تێ له كامپی په‌نابه‌ران بوونه له هۆڵه‌ندا و ته‌مه‌نی 5 ساڵان بووه

K24 - هه‌ولێر:
مێڤان بابه‌كر، كچه كوردێكی هه‌رێمی كوردستانه و له سه‌رده‌می شه‌ڕی عێراق و ئێران، وه‌ك په‌نابه‌ر روویان له وڵاتانی ئه‌وروپا كردووه، ئه‌وكات مێڤان ته‌مه‌نی پێنج ساڵان بووه كاتێك له كامپێكی په‌نابه‌ران گیرساونه‌ته‌وه، له‌و كاته‌ش كارمه‌ندێك كه له رێكخراوێكی تایبه‌ت به هاوكاریكردنی په‌نابه‌ران كاریكردووه، پایسكلێكی به‌دیاری داوه‌تێ.
دیمه‌نی ئه‌و پایسكله و ئه‌و پیاوه، له‌ته‌مه‌نی پێنج ساڵییه‌وه هاوڕێی یاده‌وه‌رییه‌كانی مێڤان بوونه، به گوته‌ی خۆیشی، هیچ كاتێك دیمه‌نی پایسكله‌كه‌ی له‌به‌رچاو لانه‌چووه و "پێشبینی ناكرێت ئه‌وكات چه‌نده دڵم به‌و دیاره خۆش بووه".
مێڤان ده‌ڵێت: "ته‌مه‌نم 5 ساڵ بوو، كاتێك گه‌یشتینه ناوه‌ندێكی تایبه‌ت به په‌نابه‌ران له شاری زڤوله‌ی هۆڵه‌ندا، ئه‌و پیاوه له رێكخراوێكی په‌نابه‌ران كاری ده‌كرد و پاسكیلێكی به دیاری بۆ كڕیم، كه زۆر دڵم پێی خۆش‌بوو".
له‌و باره‌یه‌وه مێڤان ده‌ڵێت: "بیرم ده‌كه‌وێته‌وه ئه‌و كاته چ هه‌ستێكم هه‌بوو، كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر ده‌روونم جێهێشت، له خۆمم ده‌پرسی ئایا من شایسته‌ی ئه‌و دیارییه گه‌وره‌یه‌م؟".
گه‌شتی په‌نابه‌ری مێڤان و ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی، له هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌ستی پێكرد، دواتر توركیا، ئازه‌ربایجان، رووسیا، له‌وێوه بۆ هۆڵه‌ندا و دوای ماوه‌یه‌كیش له له‌نده‌ن گیرسانه‌وه.
یه‌كه‌م هه‌نگاوی گه‌ڕان
مێڤان بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌خشه‌ری دیارییه‌كه‌ی، له به‌ریتانیا مۆڵه‌تی له كاره‌كه‌ی وه‌رگرت و سه‌ردانی هۆڵه‌ندای كرد، ده‌شڵێت: "ئه‌و كاره‌م بۆ ئه‌وه بوو كه‌مێك بگه‌ڕێمه‌وه دواوه و هه‌ندێك له یاده‌وه‌رییه‌كانی منداڵیم بیربكهوێته و بزانم كه‌سایه‌تی منداڵیم چۆن درووست بووه".
ئێستا مێڤان ته‌مه‌نی 29 ساڵه، له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له هۆڵه‌ندا، توانی له رێگه‌ی تویته‌ر ئه‌و پیاوه بدۆزێته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له تویته‌ر وێنه‌یه‌كی منداڵی خۆی و پیاوه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه و تێیدا داوای هاوكاری له به‌كارهێنه‌ران كردووه.
له‌گه‌ڵ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌كه‌ی له تویته‌ر نووسیویه‌تی: "سڵاو.. ئه‌وه وێنه‌یه‌كی كۆنه و ئه‌و كاته ته‌مه‌نم 5 ساڵان بوو، ئه‌و پیاوه له كامپی په‌نابه‌ران له شاری زڤۆلی له هۆڵه‌ندا كاریده‌كرد، ئه‌و پیاوه به دڵێكی گه‌وره‌وه پایسكلێكی به دیاری بۆ كڕیم، ئه‌وكاته دڵم زۆر به دیارییه‌كه خۆش بوو. تكایه یارمه‌تیم بده‌ن له دۆزینه‌وه‌ی ناوه‌كه‌ی".
Hi internet, this is a longshot BUT I was a refugee for 5 yrs in the 90s and this man, who worked at a refugee camp near Zwolle in the Netherlands, out of the kindness of his own heart bought me a bike. My five year old heart exploded with joy. I just want to know his name. Help? pic.twitter.com/XzUgHzllYb
— Mevan | میڤان (@MeAndVan) August 12, 2019
دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داو
دوای چه‌ند كاتژمێرێك، كه‌سێك به‌ناوی ڤان دێر، یه‌كێك له خۆبه‌خشانی سایتێكی هه‌واڵی قازانج نه‌ویست له زڤۆلی، پیاوه‌كه ده‌ناسێته‌وه، ڤان دێر ده‌ڵێت: "سه‌یری وێنه‌كه‌م كرد و راسته‌وخۆ ئه‌و پیاوه‌م ناسییه‌وه كه له ته‌مه‌نی 20 ساڵیمدا كارم له‌گه‌ڵی كردووه، وه‌كو پیاوێكی نه‌رم و نیان و له‌سه‌رخۆ و به‌سۆز ناسیومه".
دواتر ڤان دێر ناوی پیاوه‌كه‌ی بیرنههاتووهتهوه، بۆیه له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌یوه‌ندی به هاوڕێكانی كردووه و دواتریش توانیویانه ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی ئه‌و پیاوه بدۆزنه‌وه.
كاتێك ڤان دێر په‌یوه‌ندی به پیاوه‌كه كردووه، ئه‌و هێشتا مێڤانی 5 ساڵانی بیرماوه و به‌رده‌وامیش لای هاوسه‌ره‌كه‌ی باسی مێڤانی كردووه و خوازیار بووه جارێكی دیكه بیبینێته‌وه.
دواتر هه‌ردوولا به خێرایی كاتی یهكتربینینيان دیاریكردووه به‌ر له‌وه‌ی مێڤان ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌ی كۆتایی بێت و هۆڵه‌ندا جێبهێڵێت.
دۆزینه‌وه‌ی ئیخبێرت
رۆژێك دوای ئه‌وه، مێڤان و ئه‌و پیاوه‌ی له وێنهكهدایه، یه‌كتریان بینیه‌وه، كه ناوی ئیخبێرته.
پیاوه‌كه ده‌ڵێت: "پایسكیله‌كه شتێكی هێنده گه‌وره نه‌بوو بۆمن، به‌ڵام زۆر دڵخۆشم, چونكه مێڤانی گه‌ڕانده‌وه ناو ژیانم".
هه‌رچی مێڤانه له باره‌ی بینینه‌وه پیاوه‌كه ده‌ڵێت: "له كاتی بینینه‌وه‌ی ئیخبێرت، به هه‌مان ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه دڵخۆش بووم ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌ی خۆم ببینمه‌وه كه له منداڵییه‌وه نه‌مبینیون، هه‌ستێكی زۆر خۆش و جوان بوو".
ده‌نگدانه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه
ئه‌و چیرۆكه‌ی مێڤان له‌لایه‌ن زۆرێك له میدیاكانی هۆڵه‌ندا و ته‌واوی ئه‌وروپاوه گرنگی تایبه‌تی پێدراوه، له‌سه‌ر تۆڕی ئینته‌رنێتیش نامه‌یه‌كی یه‌كجار زۆر بۆ مێڤان هاتووه، كه باسيان له چیرۆكی په‌نابه‌رێتی خۆیان كردووه و خوازیارن ئه‌و كه‌سانه ببیننه‌وه كه هاوكارییان كردوون.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی مێڤان بووه‌ته پاڵنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یان په‌نابه‌ر له ئه‌وروپا، هه‌مان كارى مێڤان ئه‌نجام بده‌ن، هه‌م چیرۆكی په‌نابه‌رێتی و هه‌م وێنه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ش بڵاوبكه‌نه‌وه، كه له كاته سه‌خته‌كانی په‌نابه‌رێتی، هاوكارییان بوونه.

سه‌رچاوه: بى بى سى - ئاژانسه‌كان
ئ. م