گۆڕان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ھەرێم ئاشكرا دەكات

عومەر سەید عەلى واژۆی كردووە

K24 - سلێمانی

بزووتنەوەی گۆڕان ناوی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ئاراستەی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان كردووە و میدیای ئەو حزبەش ئاشكرای دەكات، مستەفا سەید قادر بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە كاندید كراوە.

میدیای فەرمی گۆڕان، بڵاویكردەوە: "رۆژى یەکشەممەی رابردوو بزووتنەوەى گۆڕان بە نووسراوێک کە واژۆی عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزووتنەوەى گۆڕانى لەسەربووە، ناوى مستەفا سەید قادر وەک جێگرى سەرۆکى هەرێم ئاراستەى سەرۆکایەتى هەرێم کراوە".

بەگوێرەی زانیارییەكان: "لە هەفتەى داهاتوودا مەرسومى سەرۆکایەتى بۆ هەردوو جێگرانى سەرۆکى هەرێم دەردەكرێت و تا کۆتای ئەم مانگە دەستبەکاربن".

ئەمە لە كاتێكدا محەمەد تۆفیق رەحیم كەسایەتی دیاری ناو بزووتنەوەی گۆڕان ركابەری دەكرد تا بكرێت بە كاندیدی حزبەكەی بۆ ئەو پۆستە. دەستیشی لە ئەندامی خانەی راپەڕاندن كشاندەوە تا پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕان رێگەی پێبدات خۆی كاندید بكات. وەك خۆشی رایگەیاندبوو، ئەو تاكە كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و بە مافی خۆشی دەزانێت.

مستەفا سەید قادر - كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان
مستەفا سەید قادر - كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان