داعش لە سنووری خانەقین پەلاماری ھێزە عێراقییەكان دەدات

چەند چەكدارێكی داعش و سەربازی سوپای عێراق كوژراون

K24 - گەرمیان

ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری گەرمیان رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی داعش، لەنێوان جەلەولا - قەرەتەپە لە سنووری خانەقین ھێرشیان كردە سەر ھێزەكانی عێراق و سێ چەكداری داعش و دوو سەربازی عێراق كوژراون".

سەڵاح بابان، ئەندامی ئەنجوومەنی ناحیەی قەرەتەپە بە كوردستان24ی راگەیاند: "یەكێك لە چەكدارەكانی داعش خۆكوژ بووە و دزەی كردووەتە ناو ھێزەكانی عێراق و خۆی پێدا تەقاندونەتەوە".

گوتیشی: "تەرمی سێ چەكدارەكەی داعش بەجێماوە و لەبەردەستی ھێزەكانی عێراق دایە لە قەرەتەپە، چوار چەكداری دیكەی داعش لەو ھێرشەدا برینداربوونە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێرمان، لە لایەكی دیكەی و ھەر شەوی رابردوو، چەكدارانی داعش بە ھاوەن ھێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی پشكنینی ھێزەكانی عێراق لە جەلەولا، بەوھۆیەوە سێ سەربازی سوپای عێراق برینداربوون و بۆ چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانەی خانەقین كران.

ئەمە لەكاتێكدایە ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە چەند ناوچەیەكی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەھۆی بۆشایی ئەمنییەوە دەستیان بە پەلاماردان و رفاندن كردووەتەوە.

ھ.م