مالیکی: بەهاوکاری ئێران وەڵامی ئیسرائیل دەدەینەوە

نوری مالیکی لەسەر بۆردومانی جبەخانەکانی حەشد هاتە دەنگ

K24 – هه‌ولێر:

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بە دووری نازانێت ئیسرائیل بۆردوومانی جبەخانەکانی حەشدی شەعبی کردبێت، بەڵام ئەگەر ئەمە بە تەواوی روونبێتەوە، ئەوا ئه‌وانیش بێدەنگ نابن و بە هاوکاری ئێران وەڵامی دەدەنەوە.

مالیکی ئاشکراشی کرد، ژمارەی راستەقینەی ئەو جبەخانە و سەربازگانەی بۆردوومان کراون ئاشکرا نەکراون، لە کاتێکدا زیاتر لە دوازده‌ پێگە تەقێنراونەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مەریكی، له‌زاری چه‌ند به‌رپرسێكی ئه‌منی ئیسرائیلی و ئه‌مەریكی ئاشكرای كردووه،‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل جبه‌خانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیان له‌ عێراق كردووه‌ته‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران ئه‌و جبه‌خانانه‌ به‌كاردێنێت بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و پاشان ده‌یانگوازێته‌وه‌ بۆ سووریا.

پرسی هیرشکردنە سەر کۆگاکانی حەشدی شەعبی، بووەتە باسێکی گەرمی عێراق، حکوومەت داوای پاراستنی سەروەری وڵاتەکەی دەکات و ئێرانیش هەڕەشە دەکات، ئیسرائیلیش سوورە لەسەر هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئێران کە بە هەڕەشە بۆخۆی بزانێت.

سەرچاوە: بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەوانی نوری مالیکی

H.J