لە رانیە کۆنفڕانسی "هزری لێبوردەیی لە گوتاری ئاینیدا" بەڕێوەچوو

"ئەو وتاربێژانە دەگرێتەبەر کە وتارەکانیان بۆ هاندانی توندوو تیژی بەکاردێنن "

K24 – هه‌ولێر:

بە بەشداری ژمارەیەک توێژەر و مامۆستایی ئاینی، کۆنفڕانسی "هزری لێبوردەیی لە گوتاری ئاینیدا" لە هەرێمی کوردستان ، لەهۆڵی پێنجی ئازاری ڕانیە دەستی بەکارکرد.

هاوڕێ شێخە ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنفڕاسەکە بە کوردستان 24ی راگەیاند: "کۆنفڕانسەکە بۆ هاندانی قبوڵکردنی بۆچوونی جیاوازە لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا و ئاینە جیاوازەکانە".

راشیگەیاند: "ئەگەرچی زۆرینە نین، بەڵام لێرە و لەوێ گوتاری توند و هزری توندڕەویی لە بەشێک لە مینبەرەکانەوە پەخش دەکرێ کە کاریگەری خراپیان بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیە".

ئاماژەی بەوەشدا: "مێژوو نیشانی داوە هەموو ئەو میللەتانەی دونیا کە رۆحی یەکتر قبوڵکردنیان هەبووە و توندڕەوی ئاینیان خستۆتە لاوە کاریگەری لەسەر پێشکەوتنیان هەبووە".

لای خۆیەوە، غەریب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕین، لە کۆنفڕانسەکە بە کوردستان24ی راگەیاند: "مینبەر ئەمانەتێکی خواییە و پێویستە وتاربێژان بۆ چاندنی رۆحی تەبایی و پێکەوەژیان بەکاری بێنن".

جەختیشی کردەوە، ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتی و پێکەوەژیان و لێبوردەییە و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی رێوشوێن بەرامبەر ئەو وتاربێژانە دەگرێتەبەر کە وتارەکانیان بۆ هاندانی توندوو تیژی بەکاردێنن.

H.J