نوجه‌بای عێراق به‌ره‌نگاری ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌بێته‌وه
فه‌توای مه‌رجه‌عێكی شیعه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:
بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌كره‌م كه‌عبی كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خستوویه‌تییه لیستی تیرۆره‌وه، هه‌ڕه‌شه له ئه‌مه‌ریكییه‌كانی عێراق ده‌كات و ده‌ڵێت: "له رووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه، پابه‌ندین به فه‌تواكه‌ی كازم حائری مه‌رجه‌عی شیعه‌كان، چونكه بوونی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی له عێراق حه‌رام كردووه و ئه‌مه‌ریكییه‌كانیش زه‌مینه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌كی نوێیان سه‌پاندووه".
نه‌سر شه‌مه‌ری، جێگری ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با ده‌ڵێت: "به‌رگریی عێراقی تۆكمه‌یه و به‌رده‌وامه له كاری خۆی و ئه‌وه‌ی پێویست بێت ده‌یكات، ئێستاش فه‌توایه‌كی روونمان له به‌رده‌سته له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عه ئاینییه‌كانه‌وه دراوه له‌باره‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی فه‌تواكه جێبه‌جێ بكه‌ین ئه‌وه‌ی له به‌رده‌ستمانه له رووی سه‌ربازی و سیاسییه‌وه به‌كاریده‌هێنین".
شه‌مه‌ری ده‌ڵێت: "ئه‌وه ئه‌مه‌ریكییه‌كانن رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی نوێیان سه‌پاندووه و باره‌گاكانی حه‌شد و جبه‌خانه‌كانی ده‌كه‌نه ئامانج، ئێمه‌ش پابه‌ندین به به‌رگریكردن له خۆمان".
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی نوجه‌با پاش فه‌توایه‌كی مه‌رجه‌عی ئایینی شیعه‌كان، كازم حائرییه كه رۆژی 23/8/2019 گووتی: "مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق له‌ژێر هه‌ر ناوێك‌دا بێت له رووی شه‌رعییه‌وه حه‌رامه، هیچ بژارده‌یه‌كی دیكه‌ی جگه له به‌رده‌وامیدان به به‌رگریی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌شیان له به‌رده‌ستدا نییه".