رەزی جوتیارێك لە زاوێتە وەزیری كشتوكاڵ سەرسام دەكات

جوتیارێك رەزێكی نموونەیی ھەیە

K24 - ھەولێر

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە گوندێكی سنووری پارێزگای دھۆك سەردانی رەزێكی نموونەیی جوتیارێكی كردووە و سەرسامی كردووە، کە بەشێوەی هەڵواسراو لەسەر یەک کەپر لەسەر رووبەری 2 دۆنم زەوی چاندویەتی و ئەمساڵ 15 تەن بەرھەمی ھەیە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ لە دوێنێ سەردانی پارێزگای دھۆكی كرد و جگە لە بەسەركردنەوەی دامودەزگاكانی پەیوەندیدار بە وەزارەتی كشتوكاڵ چاوی بە چەند جوتیارێكی نموونەیی ناوچەكە كەوتووە و لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی: "هەندێک کۆششی تاکە کەسی دەبینم، ئومێد و هیوابەخشی گەورەن، گەشبینی دەچێنن لە ناخدا. لە گوندی باگیرای گەلی زاوێتە، رەزێکی نموونەیی جووتیارێکم بەسەر کردەوە، کە بەشێوەی هەڵواسراو لەسەر یەک کەپر لەسەر رووبەری 2 دۆنم زەوی چاندویەتی، وەک جووتیارەکە گوتی: "کەمتر لە چوار ساڵە چاندوویەتی و ئەمساڵ 15 تەن بەرهەمی هەیە و لە دوو ساڵی داهاتوودا بەرهەمەکەی دەگاتە 30 تەن لە ساڵێکدا. مایەی ستایش و دەستخۆشیە لەو رووبەرە بچووکەدا ئەو بەرهەمە زۆرە هەبێت".

ھ.م