مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی جەواد ساڵح نەورۆز دەكات

سەرۆكی حكوومەت ھاوخەمی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی حاكم جەواد دەكات

K24 - ھەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بەبۆنەی كۆچی دوایی جەواد ساڵح نەورۆز ناسراو بە (حاکم جەواد) پەیامێكی ھاوخەمی ئاراستەی بنەماڵەكەیان دەكات.

لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت ھاتووە: "بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی  جەواد ساڵح نەورۆز ناسراو بە (حاکم جەواد) مان بیست. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری دەکەین. ئومێدەوارین خوای گەورە گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە کەسوکاری ببەخشێت".

جەواد ساڵح نەورۆز، ساڵی 1957 لە رواندز لە دایک بووە، ساڵی (1983- 1984) کۆلێژی یاسا و رامیاری، بەشی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە، ساڵی (1984) بۆتە پێشمەرگە ساڵی (1989) ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری (یەکێتی مافپەروەرانی کوردستان) لە شاخ بووە، بۆ ماوەیەک دادوەری شۆڕش بووە، چەند ساڵێکیش بەڕێوەبەری ناحیەی رواندز و بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بووە. وەك نووسەر خاوەنی چەند كتێبێكی چاپكراوە و چەندین وتاریشی لە رۆژنامە و گۆڤارەكان بڵاوكردووەتەوە. رۆژی دووشەممە 26/8/2019 كۆچی دوایی كرد.