چوار تۆمەتبار لە سلێمانی دەستگیر کران
دەست گیراوە بەسەر سێ دەمانچە
K24 - سلێمانی
لە شاری سلێمانی لەدوو رووداوی جیادا ھێزەکانی پۆلیس چوار تۆمەتباریان دەستگیركرد و دەستیشگیرا بەسەر سێ چەكی جۆری دەمانچەدا كە بە تۆمەتبارەكان بووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئازادی بە ھاوکاریی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان سێ تۆمەتباریان دەستگیركرد كە لەبناری گۆیژە هەڵیانكوتابووە سەر دوكانێك و پارەیان لێسەندبوو و سەرەڕای ئازاردانی خاوەن دوكانەكە چەند فیشەكێكیشیان بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە نابوو، دواتر هەڵاتبوون. دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە بە فەرمانی داوەر سێ تۆمەتبار دەستگیركران و دەستیشگیرا بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچەدا كە بەتۆمەتباران بووە".
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند: "لە رووداوێكی دیكەدا تۆمەتبارێك لەلایەن بنكەی پۆلیسی ئازادییەوە بەھاوکاری بنکەی پۆلیسی سەرا دەستگیركرا كە فیشەكی نابوو بە كوڕەكەیەوەو برینداری كردبوو. هێزەكانی پۆلیس ئاگاداركرانەوە بە بوونی بریندارێك، لە گەڕەكی ئیبراهیم پاشای شاری سلێمانی، دوای گەیشتنی مەفرەزەكان و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە دەركەوت كە تۆمەتبار (ن ، ح ، ر )لەدایكبوی 1966 فیشەكی ناوە بە كوڕەكەیەوەو برینداری كردووە. دەستبەجێ تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئازادییەوە بە فەرمانی بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 405-31 دەستگیركراو دەستیش گیرا بەسەر دوو چەك لە جۆری دەمانچە كە بە تۆمەتبار بووەو لەئێستاشدا بریندارەكە لە نەخۆشخانەیە و چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت".
ئاماژە بەوەشكراوە: "بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس، هۆكاری رووداوەكە كێشەی خێزانی بووە".
ھ.م