رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر چه‌ندین پرسی گرنگ كۆده‌بنه‌وه
وه‌زیری ناوخۆ: باری شارستانی و كێشه‌كانی دیكه ده‌خرێنه به‌رباس
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 27/8/2019، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان پاش كۆتاییهاتنی خولێكی مه‌شقی هێزه‌كانی زێره‌ڤانی، له‌باره‌ی سه‌ردانی شاندێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان قسه‌ی بۆ میدیاكان كرد و ئامانجی سه‌ردانی شانده‌كه‌ی به‌غدای روونكرده‌وه و گووتی، ئێمه تیم و شانده‌كانمان ئاماده‌یه بۆ ئه‌وه‌ی شاندی به‌غدا بێن و گفتوگۆ بكه‌ین و سه‌رجه‌م ئه‌جێنداكان بخه‌ینه به‌رده‌ست بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
وه‌زیری ناوخۆ گووتی: "وه‌زیری ناوخۆی عێراق دێته هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی پایه‌به‌رزی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت و بۆ باسكردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بانگهێشتمان كردوون".
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گووتی: "له دیداره‌كه‌دا باسی ئه‌و پرس و كێشانه ده‌كه‌ین كه هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان هێشتا هه‌یانه وه‌ك باری شارستانی و و پشت به‌خوا ئه‌نجامی باشی ده‌بێت سه‌ردانه‌كه‌یان".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، شانده‌كه‌ی عێراق له وه‌زاره‌تی ناوخۆوه دێن و گفتوگۆكان په‌یوه‌ستن به نێوان هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ، ئه‌وان دێنه هه‌رێمی كوردستان و داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین تیمه‌كانیان بێن و له‌سه‌ر كۆی كێشه‌كان گفتوگۆی جددی بكه‌ین، چونكه ئێمه ماوه‌یه‌كه تیم و شانده‌كانمان ئاماده‌كردووه، بڕیاره ئێمه‌ش سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ین، هه‌ر كاتێك ئه‌وان ئاماده‌بوون بۆ گفتوگۆ ئێمه ئاماده‌ین و هه‌موو ئه‌جێنداكان ده‌خه‌ینه به‌رده‌ست بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ته‌واو بۆ هه‌موو كێشه‌كان بكرێت".
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌وه‌شی گووت، بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی داعش داوای هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ هەریەک لە حکومەتی عێراق و هێزی هاوپەیمانان دەکەین، چونکە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستییەکان بەهێزە و ئەگەری سەرهەڵدانیان هەیە. ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت.
هه‌ر له‌و لێدوانه میدیاییه‌دا وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به خوله‌كه و كاروچالاكییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی دایه‌وه.