سەرۆك بارزانی: پێویستە بەهاكانی گەلەكەمان بە زیندوویی رابگیرێن

سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەندامانی رێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول كۆبووەوە

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی رایگەیاند "پێویستە بەهاكانی گەلەكەمان بە زیندوویی رابگیرێن و ئەركی هەموو لایەكیشمانە كە رووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببینەوە كە ئامانجیان تێكدانی فەرهەنگ و بەهاكان و بێڕێزیكردنە بە سەروەرییەكانی گەلی كوردستان".

ئەمڕۆ سێشەممە 27ـی 8ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ ئەندامانی رێكخراوی نەوەكانی ئەیلوولی سنووری لقی 26ـی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی رێكخراوی نەوەكانی ئەیلوول كرد لە بەرانبەر ئەو كار و چالاكییانەی كە لە دەڤەری باڵەكایەتی بۆ پاراستن و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوار و یادگارییەكانی شۆڕشی ئەیلوول ئەنجامیان داوە و بە ئەركێكی پیرۆزی لە قەڵەم دا و، هیوای سەركەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستن.

لە درێژەی ئەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی جەختی لە پاراستنی ئەو بەها و دەستكەوتانە كردەوە كە بە خوێن و خەباتی میللەتەكەمان هاتووەتەدی و راشیگەیاند، پێویستە بەهاكانی گەلەكەمان بە زیندوویی رابگیرێن و ئەركی هەموو لایەكیشمانە كە رووبەڕووی ئەو هەوڵانە ببینەوە كە ئامانجیان تێكدانی فەرهەنگ و بەهاكان و بێڕێزیكردنە بە سەروەرییەكانی گەلی كوردستان.