بەم نزیکانە هه‌ولێر و به‌غدا له‌ بارەی ئاسایيکردنەوەی دۆخی کەرکووك گفتوگۆ ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

كه‌ركووك له‌ چاوه‌ڕوانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و سه‌رژمێریدایه‌

K24 - هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێکی گۆران رایدەگەیەنێت یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی پارتی و گۆڕان ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووکە و بۆ ئەو خاڵەش گفتوگۆ دەستی پێکردوە و ئەگەر دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە  تەعریب و زیانەکانی زۆر زیاتر دەبن. پەرلەمانتارێکی پارتی داوا دەکات لایەنە سیاسیەکان یەک دەنگ بن بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووك.

رێککەوتنی لایەنە سیاسيیەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە تایبەت لە نێوان گۆڕان و پارتی جگە لە چاکسازی ئاسایيکردنەوەی دۆخی کەرکووکە، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ گفتوگۆکانیان بۆ ئاسايیکردنەوەی دۆخی کەرکووک دەستیپێکردووە، پەرلەمانتارێكی گۆڕان باسی گفتوگۆی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ ئاسایيکردنەوەی دۆخی کەرکووك دەکات.

دۆخی کەرکووك دوای 16ی ئۆکتۆبەر رۆژ بە رۆژ بەرەو تێکچوون دەچێت، لایەنە سیاسيیەکان بۆچوونی جیاوازیان بۆ ئاسایيکردنەوەی دۆخی شاره‌كه‌ هەیە.

بڕیارە لەم نزیکانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق  لە بارەی ئاسایيکردنەوەی دۆخی کەرکووك جاريكى دیكه‌ گفتوگۆ بكه‌ن, پەرلەمانتارێکی پارتی هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی کەرکووك دەدات و داوای یەكدەنگی لایەنە سیاسیيەکان دەکات.

کێشەکانی هەولێر و بەغدا گرێدراوی یەکن، چەند ساڵێکە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، بە تایبەت ناوچە کوردستانيیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، کە هۆشداری دەدرێت ئەگەر بارودۆخیان ئاسایينەکرێتەوە، هەڵبژاردن و سەرژمێری بکرێت بارودۆخەکەی هێندەی دیکە تێکدەچێت.

ئ. م