لە سلێمانی زبڵ و خاشاك لە یەكتر جیا دەكرێتەوە
قایمقامی سلێمانی بڕیارێكی نوێ دەدات
K24 - سلێمانی
بە مەبەستی پاراستنی ژینگە و تەندروستی ھاووڵاتیان، قایمقامییەتی سلێمانی بڕیاریدا لە هەموو خواردنگە و یەكەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی پاشماوەكانی (پلاستیك، شوشە، ماددەخۆراكییەكان) لەیەكتر جیا بكرێنەوە.
قایمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێ: "قایمقامیەتی سلێمانی دەبێتە یەكەم فەرمانگەی حكوومی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان كە پاشماوەكانی زبڵ و خۆڵ و خاشاك لەیەك جیا دەكاتەوە، ئاماژە بەوەشكراوە، ئامانجیان لەم كارە پاراستنی ژینگە و تەندروستی هاووڵاتیان و هۆشیاركردنەوەی خەڵكە لە مەترسییەكانی پسبوونی ژینگە".
وەك لە راگەیەندراوەكە ئاماژەی پێكراوە: "قایمقامی سلێمانی بڕیاریدا بۆ پاراستنی ژینگە و لایەنی تەندروستی هاووڵاتیان لە هەموو رێستۆرات و خواردنگەو یەكەكانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی پاشماوەكانی (پلاستیك، شوشە، ماددەخۆراكییەكان) لەیەك جیا بكرێتەوە، هەر لەسەر فەرمانی قایمقامی سلێمانی بڕیاردرا وەك یەكەم فەرمانگەی حكوومی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان قایمقامیەتی سلێمانی دەستپێشخەری بكات، بۆ جیاكردنەوەی پاشماوەكانی پلاستیك، شوشە، ماددەخۆراكییەكان".
ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی راشیگەیاندووە: "پاراستنی ژینگە ئەركی هەموو تاكێكی هەرێمی كوردستانە و پێویستە هەمووان بەو پەڕی پەرۆشیەوە كاربكەن بۆ پاراستنی ژینگە، لەبەرئەوەی پیسبوونی ژینگە زیانی بۆ هەموو تاكێكی كۆمەڵگە دەبێت".
قایمقامی سلێمانی هیواخوازە لەپێناو پاراستنی ژینگە و لایەنی تەندروستی هەموو فەرمانگە حكوومی و ناحكوومیەكان بەشداربن لەم هەنگاوەدا.
ھ.م