لە رووداوێکدا لەسەر رێگای هەولێر - ئاکرێ، سەرۆکی یەکێتی نووسەران و ئەدیبانی عێراق گیانی لە دەستدا

دوو شاعیری دیكه‌یش بریندار بوون

K24 – دهۆك:

کەمێک پێش ئێستا لەرووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگای هەولێر – ئاکرێ، لە نزیك گوندی گەزنە، ئیبراهیم خەیات، سەرۆکی یەکێتی نووسەران و ئەدیبانی عیراق گیانی لە دەستدا.

ئازاد دارتاش، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی ئابی 2019، شاندێکی نووسەرانی عێراق گەیشتە هەولێر بە مەبەستی بەشدایکردنی لە  27مین ساڵڤەگەری شەهیدبوونی نووسەر و پزیشك (د. نافع ئاکرەیی) کە بریار بوو سبەی پێنجشەممە 29ی ئابی 2019 لە لایەن یەکێتی نووسەرانی عێراق - کاروباری رۆشنبیری کوردی لە هۆڵی کونفرانسەکان لە ئاکرێ بەڕێوەبچێت، بەڵام لە کاتی چوونی شاندەکە بۆ ئاکرێ، رووبەرووی رووداوێکی هاتووچۆ بوو و سەرۆکی یەکێتی نووسەران و ئەدیبانی عێراق گیانی لە دەستدا.

هه‌ر له‌و رووداوه‌دا، دوو شاعیری دیكه‌ به‌ناوه‌كانی ئاوات حەسەن،  بەرێوەبەری گشتی خانەی رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی سەر وەزارەتی رۆشنبیری عێراقی، عومەر ئەلسەرایی بریندار بوون، به‌ڵام برینه‌كانییان سووكه‌.

ئیبراهیم خەیات سەرۆکی یەکێتی نووسەران و ئەدیبانی عێراق، له‌ ساڵی 1960 له‌دایكبووه‌ و بەرەچەڵەك کوردە و خەڵکی پارێزگای دیاله‌یە، خاوەن چەند بەرهەمێکی ئەدەبییە و بەناوبانگترینیان (کۆماری  پرته‌قاڵ)ـە.

ئ. م