چەند ئەندامێکی نەوەی نوێ بەهۆی دەستکاری کردنی پارکێک لە رانیە دەستگیر کران

"بەبێ مۆڵەت هەوڵی دەستکاری کردنی پارکەکەیان داوە"

K24 – رانیە:

شارەوانی رانیە چەند کەسێکی دەستگیر کرد کە بێ گەڕانەوە بۆ شارەوانی، دەستیان کردبوو بە تێکدان و نۆژەنکردنەوەی پارکێکی گشتی.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو کەسانە ئەندامی جووڵانەەوەی نەوەی نوێ بوون و مۆڵەتیان لە شارەوانی رانیە وەرنەگرتووە چونکە گووتویانە، پارکی گشتییە و مۆڵەتی ناوێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی راپەرین: "لەسەر داوای سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە چەند کەسێک دەستگیر کران کە هەستابوون بە دەستکاری کردنی پڕۆژەی شارەوانی رانیە لە پارکی گشتی شاری رانیە بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕەزامەدی سەرۆکایەتی شارەوانی رانیە".

پۆلیسی راپەرین ئاشکرایکردووە: "سەرجەمیان کە ژمارەیان 11 کەسە راگیران و لە نێویاندا پەیامنێرێکی کەناڵی راگەیاندن هەیە کە دادوەر بڕیاریداوە بە ئازادکردنی بەکەفالەت".

 H.J