وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم و عێراق ده‌ست به‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن

چه‌ندین پرس و كێشه‌ تاوتوێ ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29/8/2019 كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ هه‌ولێر ده‌ستپێده‌كات و بڕیاره‌ چه‌ندین كێشه‌ و پرسی گرنگ تاوتوێ بكه‌ن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "شاندەکەی بەغدا تەنیا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات. ئه‌مڕۆ کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندەکە دەستپێدەکات و تەوەرەکانی گفتوگۆش دیاری دەکرێن".

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سەعد مەعن گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "هه‌ولێر و به‌غدا، دووپات له‌ پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌، ئەمرۆش گفتوگۆی وه‌زیرانی ناوخۆی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌ستپێده‌كات".

گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گووتیشی: "لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی ئەمنی دەکرێت. هەردولا گفتوگۆ لەبارەی ئاڵۆگۆڕی زانیاری هەواڵگری و هەماهەنگی لە دۆسیەکانی تاوان دەکەن.

ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ شاندی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی یاسین یاسری، وه‌زیری ناوخۆی عێراق گه‌یشتنه‌ هه‌ولێر، ئه‌ندامانی شانده‌كه‌ پێكهااتوون له‌ ( لیوا نه‌شئه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری ره‌گه‌زنامه‌ی گشتی، لیوا سه‌عید، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی راگه‌یاندن، لیوا زیاء، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی هاتوچۆ، لیوا ئه‌حمه‌د ئه‌سكه‌نده‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان، لیوا ماجید، به‌رپرسی ئه‌ركانی پاسه‌وانی سنوور، لیوا حه‌سه‌ن، به‌رپرسی فڕۆكه‌خانه‌كان، عومه‌ر قوسه‌ی، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاروباری نیشته‌جێبوون).

پێشتریش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد: "شاندێكی وەزارەتی ناوخۆ سەردانی ھەرێمی كوردستان دەكات و ئێمە چاوەڕێ دەكەین تیمەكانیان ئامادەبن، بۆ ئەوەی گفتوگۆی جددی لەبارەی كۆی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بكەین".

راشیگەیاند: "ماوەیەكە شاندەكانمان ئامادەن و بڕیارە سەردانی بەغدا بكەین، ھەر كات ئامادە بوون پێشوازیمان لێبكەن و كاتێكی دیاریكراو بڕیاری لێدرا، ئێمەش سەردانی بەغدا دەكەین بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆ بكەین و ئامادەین تەواوی ئەجێنداكان بخەینە بەر دەست ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، بۆ ئەوەی چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ تەواوی كێشەكان بكەین".