زێدان: تا دووشه‌ممه له‌وانه‌یه بۆمبێك یان دوو بۆمب ته‌قێنینه‌وه
زێدان دڵی هانده‌رانی ریال مه‌درید خۆشده‌كات
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید له باره‌ی یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر ڤیاریال به‌شداریی له پرێس كۆنفرانسێك كرد و دڵی هانده‌رانی یانه‌كه‌شی خۆش كرد، ده‌شڵێت: ره‌نگه پێش داخستنی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانان بۆمبێك یان دوو بۆمب بته‌قێنینه‌وه.
زینه‌دین زێدان راهێنه‌ری ریال مه‌درید له پرێس كۆنفرانسه‌كه زۆرترین پرسیاری له باره‌ی مێركاتۆی هاوینه لێكرا، له ده‌ستپێكدا هاوخه‌می خۆی بۆ مردنی كچه‌كه‌ی لویز ئێنریكی ده‌ربڕی.
پاشان زیزۆ گوتی: نازانم تا 2ـی ئه‌م مانگه كه دوایین ساتی داخستنی ده‌رگه‌ی گواستنه‌وه‌ی یاریزانانه چی رووده‌دات، به‌ڵام ره‌نگه گۆڕانكاری بكه‌ین و بۆمبێك یان دوو بۆمب بته‌قێنینه‌وه، بۆیه چاوه‌ڕێ بكه‌ن تا دوایین ساتی دره‌نگه‌شه‌وی دووشه‌ممه ئه‌وكات هه‌موو شتێك روون ده‌بێته‌وه.
زیزۆ پێشبینی ئه‌وه‌ی كرد كایلۆر ناڤاس ریزه‌كانی یانه‌كه‌یان جێبهێڵت و هیوای ئه‌وه‌شی خواست له بڕیاره‌كه‌ی په‌شیمان بێته‌وه، گوتیشی: بۆ ئه‌م یارییه ئیدین هازاردیش له‌گه‌ڵمان نابێت و ره‌نگه په‌یوه‌ندی به هه‌ڵبژارده‌ی به‌لجیكا بكاته‌وه.
له باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا ریال مه‌درید بۆ بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ به‌ربژێره؟ زیزۆ له‌مباره‌یه‌وه ڕه‌تی كرده‌وه گرینگی به‌م بابه‌ته بدات، گوتیشی: ئێمه جارێ سبه‌ی یارییه‌كی قورسمان به‌رامبه‌ر ڤیاریال له‌به‌رده‌مه و دڵنیایان ده‌توانین ئه‌م وه‌رزه كاری گه‌وره بكه‌ین.
له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی پاریس سانجێرمان له چامپیۆنزلیگ، زیزۆ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه پاریس سانجێرمان خاوه‌نی پێكهاته‌یه‌كی به‌هێزه و هه‌میشه ركابه‌رێكی سه‌رسه‌خته و به‌رده‌وامیش یارییه‌كانی قۆناخی كۆمه‌ڵه‌كانی چامپیۆنزلیگ قورسه، به‌تایبه‌تی یه‌كه‌مین یاری له پاڵه‌وانێتییه‌كه.
زیزۆ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد كه باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سه‌رۆك هه‌یه، گوتیشی: به‌رده‌وام خۆم به قه‌رزاری پێرێز ده‌زانم و هه‌رگیز له‌بیری ناكه‌م چونكه ئه‌و منی بۆ ریال مه‌درید گه‌ڕانده‌وه، هه‌ر بڕیارێكیش له باره‌ی یاریزانه‌كان ده‌یده‌م په‌یوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه و پێرێز لێی به‌رپرس نییه.