ئیمام ئۆغلۆ: حكوومه‌تی ئه‌نقه‌ره ناحه‌قی له دژی دیموكراسییه‌تی توركیا كردووه
"دانانی قه‌یوم له شوێنی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان بێڕێزیكردنه به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ران"
K24- دیاربه‌كر:
سه‌رۆكی شاره‌وانی ئیستانبوڵ جه‌خت ده‌كاته‌وه، حكوومه‌تی ئه‌نقه‌ره ناحه‌قی له دژی دیموكراسییه‌تی توركیا كردووه و دووپاتیش ده‌كاته‌وه، پێویستە دادگا بڕیار لەبارەی سەرۆك شارەوانییەکانی هەدەپە بدات نەك حکوومەت. داواش له حكوومه‌تی توركیا ده‌كات، له بڕیاری دانانی قه‌یوم له شوێنی سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانی هه‌ده‌په پاشگه‌ز ببێته‌وه.
ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵو سه‌ردانی شاری دیاربه‌كری باكووری كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك شاره‌وانییه دوورخراوه‌كانی هه‌ده‌په كۆبووه‌وه و وێڕای ده‌ربڕینی پیشتگیری خۆی بۆ سه‌رۆك شاره‌وانییه دوورخراوه‌كانی هه‌ده‌په، ئیمام ئۆغلۆ دووپاتیشی كرده‌وه، پێویستە دادگا بڕیار لەبارەی سەرۆك شارەوانییەکانی هەدەپە بدات نەك حکوومەت.
گوتیشی: حکوومەتی تورکیا دژی دەنگدەران و نوێنەرانی هەدەپە جیاوازی دەکات و ئەم سیاسەتەش مەترسی لەسەر دیموکراسیەت هەیە و لابردنی سەرۆك شارەوانییەکانیشی بە بێڕێزیکردن بەرامبه‌ر دەنگدەران وه‌سفكرد.
سه‌رۆكی شاره‌وانی ئیستانبوڵ داوای له حكوومه‌تی توركیاش كرد، له بڕیاری دانانی قه‌یوم له‌سه‌ر شاره‌وانییه‌كانی هه‌ده‌په پاشگه‌ز ببێته‌وه.
سه‌رۆك شاره‌وانی ئیستانبوڵ جه‌ختیكرده‌وه: ناحه‌قی ته‌نیا له دژی هه‌ده‌په نه‌كراوه، به‌ڵكو حكوومه‌تی توركیا ناحه‌قی له دژی دیموكراسییه‌تی وڵات كردووه.
H.B