ئالیكی ماسی لە ھەرێمی كوردستان بەرھەم دەھێندرێت
لە ھەولێر توێژینەوە لەسەر كراوە
K24 - ھەولێر
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، توێژینەوەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئالیک (علف)ی ماسی گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و لەناوخۆی كوردستان دەست دەكرێت بە بەرھەمھێنانی عەلەف.
بێگەرد تاڵەبانی، رایگەیاند: "ستافی بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی هەولێر، توێژینەوەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ئالیک (علف)ی ماسیـان گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی و بەمزووانە بە فەرمی دەگەنە قۆناغی راگەیاندنی کۆتایی لێکۆڵینەوەکە و دەست دەکرێت بە بەرهەمهێنان".
وەزیری كشتوكاڵ لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی: "ئەوەی زۆر جێگای دڵخۆشی و شانازییە ئەوەیە، ئەم بەرهەمە کە دەرئەنجامی ژیری و ماندووبوونی خەڵکانی خۆوڵاتییە دووهێندەی بەرهەمی هاودەکراوی بیانی سوودبەخشە واتا 200% کاراترە بۆ بەرهەمی ماسی، بەو پێیەی بۆبەرهەمی ماسی بە پشت بەستن بە عەلەفی هاوردە کراو بۆ هەر یەک کیلۆ گۆشتی ماسی پێویست بە دوو کیلۆ عەلەف هەیە. بەڵام بە بەکارهێنانی ئەو عەلەفە بۆ هەر کیلۆیەک گۆشت ماسی تەنیا یەک کیلۆ لەو عەلەفە پێویستە".



ھ.م