بڕیاری قەدەغەكردنی ھاوردەی تەماتە بۆ ھەرێمی كوردستان دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە
لە ئەمڕۆوە ھاوردەكردنی تەماتە قەدەغە دەكرێت
K24 - ھەولێر
بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان لە ئەمڕۆوە 1/9/2019 ھاوردەكردنی تەماتە بۆ ھەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت.
لە نووسراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ھاتووە: "پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی كشتوكاڵی ژمارە (4)ی ساڵی 2008 و پاڵپشت بە نووسراوی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 6547 لە 22/10/2014 تایبەت بە پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی. دوا بەدوای نووسراومان بە ژمارە 1593 لە 27/3/2019 بە مەبەستی پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی بڕیارماندا بە قەدەغەكردنی ھاوردەكردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات لە رێكەوتی 1/9/2019 بۆ ماوەیەكی نادیار".
ئەم بڕیارەی وەزارەتی كشتوكاڵ لەكاتێكدایە، ماوەیەك لەمەوبەر ژمارەیەك جوتیاری ھەرێمی كوردستان گلەییان لەوەكردبوو كە بەھۆی ھاوردنی تەماتە لە دەرەوەی وڵات، تەماتەی ئەوان ھەرزان فرۆشبووە و زیانی زۆریان پێدەگات.
