"ئهم 4 خاڵه دهیسهلمێنێت زێدان هۆكاری خراپی ریال مهدریده"
کێ له خراپی بارودۆخی ڕیال مەدرید بەرپرسـە؟
بەرزونزمی ئاستی یانەی ڕیال مەدریدی پاڵەوانی ئەورووپا بۆ سێ ساڵ لەسەر یەک بۆتە خواسی گەرمی ڕۆژنامەکانی جیهان بەگشتی و ئیسپانیا بەتایبەتی، یانە مەدریدییەکە بەوە ناسـراوە ساڵانە پارەیەکی زۆر لە کڕینی ئەستێرەی گرانبەها خەرج دەکات له پێناو پاراستنی ئەوشكۆیهی سەردەمێکە شانازی پێوه دهكات.
ئەو ئاستە خراپەی ریال مهدرید لە دوای گەڕانەوەی زینەدین زیدانی فەڕەنسی ئەستێرەی پێشووی یانەکە نیگەرانیێکی زۆری خستۆته دڵی هاوسۆزانی مێرێنگێ.
وەرزی ڕابردوو دوای لەکارلادانی سانتیاگۆ سۆلاری و گەڕانەوەی زیزۆی ڕاهێنەرە مێژووییهكهی ڕیال، هەمووان لەوچاوەڕوانی ئەوەدا بوون بەڕۆحیەتێکی ترەوە هێز بەبەر قەڵای سپیدا بکاتەوە، بهڵام پێچهوانهوه ئەنجامەکانی زیدان هیچی وا لەسۆلاری باشتر نەبوون.
بیانوو هەبوو بەوەی یانەکە پێویستی بەفۆڕماتێکی گەورە هەیە، ئەو یاریزانانەی ئێستە لەڕیزی یانەکەدا ماون و یاریدەکەن هەندێکیان بەتەمەندا ڕۆیشتوون هەڵبەتا تێربوونە لەناسناویش، بەشێکی دیکەیان ئاستی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەستداوە، کۆمەڵێکیان لەبەر نەبوونی یەدەگێکی بەهێز لەشوێنەکانی خۆیان ناترسن بەئاسوودەیی یاریدەکەن، بەڵێ بۆ ئەو مەبەستە پێرێز درگای خەزێنە گەرمەکەی یانەکەی بەڕووی زیداندا کردەوە ئەو ڕاهێنەرەش بەئازادانە دەستی دایە گۆڕانکاری لەپێکهاتەکەی.
لێرەوە پرسیارێک دێتە پێش ئاخۆ کێ لەم دۆخە خراپەی یانەکە بەرپرسە ستافی هونەری یاخود دەستەی کارگێڕی؟
ڕیال مەدرید بۆ بەهێزکردنی ڕیزەکانی هەڵسا بەکڕینی هەریەک لە ئیدین هازارد لە چێڵسی و ئیدێر میلیتاو لەپۆرتۆ و فێرلاند مێندی لە لیۆن و لوکا یوڤیچ لە ئینتراخت فڕانکفۆڕت و ڕۆدریگۆ گۆس لە فلامینگۆ، هەروەها گەڕانەوەی خامیس ڕۆدریگێز لە بایرن میونشن.
لە بەرامبەردا فرۆشتنی هەریەک لەیاریزانان ماتیۆ کۆڤاسیچ بۆ چێڵسی و تیۆ هێرناندێز ئەی سی میلان و مارکۆس لۆرێنتی ئاتڵێتیکۆ مەدرید، هەروەها پێدانی دانی سێبایۆس بەئاڕسناڵ مارتن ئۆدیگارد بەڕیال سۆسیداد و سێرجیۆ ڕیگلیۆن بەسێڤییا و کۆبۆ بەمایۆرکا بەشێوەی خواستن، هاتنی ئەم یاریزانانە و ڕۆیشتنی چەند یاریزانێک ئامانج لێی نوێکردنەوەی یانەکەبوو، سهرهڕای ئهو ههموو گۆڕانكارییه هێشتا نەخۆشی وەرزی ڕابردوو بەجەستەی یانەکەدا دیارە و دهردهكهوێ ڕاهێنەرە فەڕەنسییەکە هێشتا نەیتوانیوە یانەکە بگەڕێنێتەوە ئاستی جارانی و دڵەڕاوکێی هاوادارانی لۆس بلانکۆس بڕەوێنێتەوە .
چاودێران و شارەزایانی تۆپی پێ بوونەتە دووبەش بەشێکیان پێیان وایە کارگێڕی یانەکە کەمتەرخەمە و تائێستە نەیانتوانیوە برینەقوڵەکانی یانەکەیان ساڕێژ کەنەوە بەشێکی دیکەیان دەڵێن ڕاهێنەر بەرپرسیاری یەکەمە .
خەرجکردنی ۳۰۰ ملیۆن یۆرۆ هێنانی چەند ئەستێرەیەک پێماندەڵێ بووچونی دووهەم راسته و زێدان هۆكاری ئهم دۆخه كه تێیكهوتووه، لە چەند خاڵێکدا وردەکاری زیاتر دەخەینەڕوو.
1ـ کارگێڕی ڕیال مەدرید ئامانجیان هێشتنەوەی مارکۆس لۆرێنتی یاریزانی لاوی یانەکەیان بوو، چونكه پێیان وابوو تاکە شوێنگرەوەی کاسیمێرۆ، ئەو ناوەڕاستکارە ئیسپانیەیە، لێ زیدانی ڕاهێنەر داوای فرۆشتنی لۆرێنتی کردوو و ڤالڤێردی ئۆرۆگوایی کردە شوێنگرەوەی کاسێمیرۆ!
2ـ دیسانەوە کارگێڕی یانەکە مەرامی بەردەوامبوونی سێرجیۆ ڕیگلیۆنیان هەبوو بەهۆی ئەو ئاستەبەرزەی وەرزی ڕابردوو پێشکەشی کرد، لێ دیسانەوە زیدان بۆچونی جیاواز بوو، نزیکەی ٥۰ ملیۆن یۆرۆی لەگواستنەوەی فێرلاند مێندی خەرجکرد و ڕیگلیۆنی بەخواستن دایە سێڤییا.
3ـ کارگێڕی یانەکە ڤینسیۆس جۆنیۆری خۆری تازە هەڵهاتووی یانەکەیان وەک پاڵپشتیێکی بەهێز بۆ یانەکەیان دادەنێن لێ زینەدین جگه له یاری رابردوو بهرامبهر ڤیاریال لە یارییەکانی ڕابردوو مامەڵەی یەدەگی لەگەڵ ئەو گەوهەرە بڕازیلییە كرد و کەمتر پشتی پێدەبەستی و زۆرجاریش لەشوێنێک یاری پێ ئەکات کەهی خۆی نییە .
4ـ بەرپرسانی یانەکە لە هەوڵەکانی کۆتایی دابوون ئێستەش بەردەوامن لەگواستنەوەی هەردوو یاریزان کریستیان ئێریکسن ناوەڕاستکاری تۆتنهام و ڤان دی بییک ـی یاریزانی ئایاكس کە نرخی هەردووکیان ناگاتە ۱٥۰ ملیۆن یۆرۆ، لێ زیدان مکوڕە لەسەر گواستنەوەی پۆل پۆگبا کە نرخەکەی بـە۲۰۰ ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت.
ئەو فاکتەرانە و چەندانی تر پێماندەڵێن ئاست خراپی ڕیال مەدرید نەگۆڕانی یانەکە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەستافی هونەری یانەکەوە هەیە، بەتایبەتیش زیدانی ڕاهێنەر کەتا ئێستە نەیتوانیوە چارهسهرێك بۆ وێرانی هێڵی بەرگری یانەکەی بدۆزێتەوە، ڕاستە جارێ کاتی بڕیاردانی موتڵەق نییە لەسەر ئەوەی ئاخۆ یانەکە بەو شپرزەییە دەتوانێت ململانێی ناسناوە کاریگەرەکانی نێوخۆ و دەرەوە بکات، بڕیاردانی چاودێران لەسەر ئەو ئەنجامە چاوەڕاوننەکراوانە بوون کە لە یارییە دۆستانەکان و لە 3 یاری سەرەتای لالیگا تۆمارکراون.
خاڵێکی دیکەش هەیە جێی باسکردنە ئەویش پێکانی بەکۆمەڵی یاریزانەکانی یانەکەیە ئێستە هەریەک لە ڕۆدریۆ گۆس و مارکۆ ئاسینسیۆ و ئیدین هازارد و ئیبراهیم دیاز و خامیس ڕۆدریگێز و ئیسکۆ ئالکۆرکۆن و فێرلاند مێندی پێکان بەرۆکی گرتوون، ئەمەشیان پێمان دەڵێ یاریزانەکان لەڕووی جەستەیەوە تەواو ئامادەنەکراون و ئامادەکاری یانە ئیسپانییەکە وەک پێویست نەبوونە دیسانەوە ئەمەشیان ستافی هونەری لێی بەرپرسە .
وەرزێکی دوورودرێژ و پڕ زەحمەتی چاوەڕێی کەتیبەکەی زیزۆ دەکات و سبهش درگای ئاڵوگۆڕکردنی یاریزانان لە ئیسپانیا دادهخرێت، کات پێمان دەڵێت ئاخۆ زیدان دەتوانێت یانەکە بگەڕێنێتەوە سەر ڕێچکەی سەرکەوتن یاخود هەواڵی لەکارلادانی بەهۆی ئەنجامەخراپەکانەوە دەبێتەوە باسی گەرمی ڕۆژ.
سـەردار جەبـار
.jpg)