ھاوردەكردنی ھەنار لە ھەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێت

بڕیارەكە لە چەند رۆژی داھاتوودا دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كشوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی ھەرێمی كوردستان، لەپێناو ساغكردنەوەی بەروبوومی ناوخۆیی بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی ھێنانی ھەنار لە وڵاتان بۆ ھەرێمی كوردستان.

بە گوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ، لە 10ی ئەم مانگەدا بۆ ماوەیەكی نادیار ھاوردەكردنی ھەنار قەدەغە دەكرێت.

لە نووسراوەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ ھاتووە: "بە پشتبەستن بە یاساى پاراستن و پێشخستنى بەروبوومى کشتوکاڵ ژمارە (4)ى ساڵى 2008 و پاڵپشتن بە نووسراوى سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران ژمارە (6547) لە 22/10/2014 تایبەت بە پاراستنى بەرهەمى ناوخۆیى بڕیارماندا هاوردەکردنى بەروبوومى هەنار لە دەرەوەى وڵاتەوە بۆ ناو هەرێم قەدەغە بێت و بڕیارەکە لە رێککەوتى 10/9/2019 بۆ ماوەیەکى نادیار کاری پێ دەکرێت".

ھەر لەو چوارچێوەیەدا لە دوێنێوە 1/9/2019 بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵ ھاوردەكردنی تەماتە بۆ ھەرێمی كوردستان، ماوەیەكی نادیار قەدەغە كرا.

ھ.م