رێكاری یاسایی بەرامبەر ژمارەیەك ھونەرمەندی سلێمانی دەگیرێتەبەر
"بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە پارەیان وەرگرتووە"
K24 - سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی ئاشكرای دەكات كە ژمارەیەك ھونەرمەند بۆ ئەنجامدانی كاری ھونەری پارەیان وەرگرتووە، بەڵام تائێستا ھیچ كارێكیان بەو پارە ئەنجام نەداوە، ئەگەر لەماوەی مانگێك روونكردنەوە لەوبارەوە نەدەن رێكاری یاسایی لەبەرامبەریان دەگرنەبەر.
لە نووسراوێكدا كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: "ئاگاداری سەرجەم ئەو ھونەرمەندانە دەكەین كە سودمەند بوون لە منحەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەری سلێمانی بۆ ئەنجامدانی كاری ھونەری لە بوارەكەی خۆیدا، بەڵام تائێستا بەرھەمەكانیان تۆمار نەكردووە یان ئەنجام نەداوە، لە دوای دەرچوونی ئەم ئاگادارییەوە بۆ ماوەی یەك مانگ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بكەن، لە ھۆكاری ئەنجام نەدان یان دواكەوتنیان زانیاریمان بدەنێ، بەپێچەوانەوە لە رێگەی بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە ھەنگاوی یاسایی دەگرینەبەر".
