ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە جارێكی دیكە لایەنەكان كۆدەكاتەوە
پارێزگاریش لە كۆبوونەوەكە بەشدارە
K24 - ھەڵەبجە
ئەمڕۆ جارێكی دیكە لایەنە سیاسییەكان لە ھەڵەبجە بۆ پێكھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا كۆدەبنەوە.
ئەڤین عەتا، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەڵەبجە رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بە ئامادەبوونی پارێزگای ھەڵەبجە، بۆ پێكھێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارە دەستیپێكرد، بۆ ئەوەی لەسەر پۆستەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا بگەن بە رێككەوتن".
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "لە كۆبوونەوەی ھەفتەی رابردوودا پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان رێككەوتن، بەڵام بەڕێوەبەری ناحیەی خوڕماڵ خاڵی ناكۆكی نێوانیان بووە و ھێشتا یەكلا نەبووەتە، كە پارتی داوای پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە یان بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵی كردووە".
ئەنجوومەنی پارێزگای ھەڵەبجە كە پێنج ساڵە نەتوانراوە پێكبھێنرێت، كورسییەكانی بەمشێوەیە یەكێتی 6 كورسی، گۆڕان 5 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی 4 كورسی، پارتی 3 كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی 3 كورسی، بزووتنەوەی ئیسلامی 2 كورسی، سوشیالیست و حزبی شیوعی 1 كورسی و كاكەییەكان 1 كورسی.
ھەڵەبجە ماوەی پێنج ساڵە بووەتە پارێزگا، بەڵام ھێشتا ئەنجوومەنی پارێزگای نییە، ھەفتەی رابردوو لایەنە سیاسییەكان بە سەرپەرشتی نووسینگەی پەرلەمان لە ھەڵەبجە كۆبوونەوە. بڕیاربوو ناوی كاندیدەكان رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ بكرێت، بەڵام پارتی و یەكێتی ھێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
ھ.م