لە ھەولێر دەست بەسەر زیاتر لە چوار كیلۆ ماددەی ھۆشبەردا گیرا
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان زانیاری دەخاتەڕوو
K24 - ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە ھەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت، لە ھەولێر دەستیان بەسەر زیاتر لە چوار کیلۆگرام ماددەی حەشیش و کریستاڵ داگرتووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش لە راگەیاندراوێکدا ئاشكرای كرد، هێزەکانیان 30/8/2019 لە ھەولێر دەستیان بەسەر بڕی چوار کیلۆگرام ماددەی حەشیش و 60 گرام ماددەی کریستاڵ دا گرتووە، کە لەلایەن دوو تۆمەتبارەوە ماددەکان لەنێو 9 پارچە جلوبەرگ شاردرابوونەوە و هەوڵیانداوە لە رێگەی کۆمپانیایەکی پۆستکردنەوە رەوانەی کەنەدای بکەن.
لە راگەیاندراوێکدا ئاماژە بەوەشکراوە، کە ئەو دوو تۆمەتبارە ماددە هۆشبەرەکانیان لە ئێرانەوە هێناوە و دانیان بە تاوانەکەیان داناوە. بە گوێرەی یاسای 14ی ماددە هۆشبەرەکانیش دەستگیرکراون.
ھ.م