وه‌زیری پێشمه‌رگه هۆشداری له‌باره‌ی مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش ده‌دات
كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری هاوپه‌یمانان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌ڕێوه‌چوو
K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری پێشمه‌رگه جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری زیاتری نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان ده‌كاته‌وه و راشیده‌گه‌ینێت: هاوكاری و پێكه‌وه‌یی هه‌مووان بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌و بنبڕكردنی ته‌واوه‌تی تیرۆر و تیرۆریستان ئه‌ركی له پێشینه‌ی هه‌مووانه، بۆ ئه‌مه‌ش داوای هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ین.
ئه‌مڕۆ به‌سه‌رپه‌رشتی، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به ئاماده‌بوونی سه‌ربه‌ست له‌زگین، بریكاری وه‌زاره‌ت، سه‌رۆكی ئه‌ركان، ژماره‌یه‌ك له ئه‌فسه‌ره پله باڵاكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، راوێژكاران و نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان به‌ڕێوه‌چوو.
له ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه، وه‌زیری پێشمه‌رگه، داوای له‌ئاماده‌بووان كرد، راپۆرتی خۆیان له‌باره‌ی دواین رووداو و چالاكییه‌كانی ماوه‌ی رابردوو بخه‌نه‌ڕوو.
دواتر راپۆرتی هه‌ریه‌ك له به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی ئیداره و میره ، ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان و هه‌واڵگری گشتی خوێندرانه‌وه، كه تیایدا رووداو و كرده‌كانی دوو هه‌فته‌ی رابردوو به داتا و ژماره خڕانه ڕوو. پاشان له‌لایه‌ن وه‌زیری پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانانه‌وه گفتۆگۆیان له‌باره‌وه كرا.
وه‌زیری پێشمه‌رگه به‌ئاماده‌بووانی راگه‌یاند: "مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش له‌ناوچه جیاوازه‌كان هه‌یه، بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه و بنبڕكردنی تیرۆر و تیرۆریستان، پێویستیمان به به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش و یه‌كده‌ستی و یه‌كگرتوویی هه‌مووان هه‌یه".
وه‌زیری پیشمه‌رگه هیواشی خواست، له‌رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، بۆشایی ئه‌منی له‌ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم پڕبكرێته‌وه.
H.B