وه‌رزی نوێی یاسادانان له‌ عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

رێككه‌وتنی ئه‌منی عێراق و ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵدوه‌شێته‌وه‌

K24 – هه‌ولێر:

بڕیاره‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، وه‌رزێكی نوێی دانیشتنه‌كانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند، هه‌ریه‌ك له‌ پرسی ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نووسینگه‌ی پشكێنه‌ره‌ گشتییه‌كان و لێپرسینه‌وه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك وه‌زیر گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانی خولی یه‌كه‌می یاسادانانی ساڵی دووه‌می كاری ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانن.

به‌در زیادیی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند، له‌ به‌رایی كاری ئه‌م خوله‌ی ئه‌نجوومه‌ن كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین، رێككه‌وتنی ئه‌منی عێراق و ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بچێته‌ ده‌ره‌وه‌.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، جاسم ئه‌لبخاتی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ ره‌وتی حیكمه‌ رایگه‌یاند، دوو وه‌زیری كابینه‌ی حكوومه‌ت دۆسییه‌یان ته‌واو كراوه‌ و بانگ ده‌كرێنه‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران بۆ لێپرسینه‌وه‌.