له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ئیدانه‌ی داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 ده‌كرێت
كاردانه‌وه به دوای خۆیدا هێناوه
K24 – هه‌ولێر:
داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 له رۆژئاوای كوردستان، وێڕای ناڕه‌زایه‌تی له ئاستی دامه‌زراوه پیشه‌ییه‌كانی كاری میدیایی، له ئاستی میللی و له ناوه‌نده رۆشنبیری و كولتوورییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان و له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاردانه‌وه به دوای خۆیدا هێناوه و ئه‌مڕۆ پرسی پله یه‌كی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له رۆژئاوای كوردستان ئیدانه‌كردنی داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 بوو.
ئه‌مڕۆ له راگه‌یه‌ندراوێكدا، دامه‌زراوه‌ی كوردستان24 بۆ توێژینه‌وه و راگه‌یاندن، رایگه‌یاند، "ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکە له رۆژئاوای كوردستان "باكووری سووریا" به وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی له ئیداره‌ی ناوچه‌كه، له كاری رۆژنامه‌وانی به ره‌چاوكردنی بنه‌ما پیشه‌ییه‌كان، به‌رده‌وامه. جاڕنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و ته‌واوی به‌ڵێننامه و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، جه‌خت له ئازادی رۆژنامه‌وانی و ئازادی راده‌بڕین ده‌كه‌نه‌وه، له زۆربه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ و ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەیە، تیمه رۆژنامهوانییهكانمان گیانی خۆیان خستووه‌ته مه‌ترسی و بوونه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی میدیا و ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، کەچی ئەوەی مایەی نیگەرانییە مانگێك زیاترە به بڕیاری چه‌ند كه‌سێكی ناو ئیداره‌ی رۆژئاوای كوردستان و به‌بێ هیچ هۆكارێكی واقیعی، كاركردنی دامه‌زراوه‌كه‌مان له رۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا) راگیراوه و مۆڵهتهكهشیان ههڵپهساردووین. لەو ماوەیەش ھەوڵ و دانووستانمان لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوا بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانمان، بێ ئەنجام بووە، بۆیە بە ھەموو لایەکی رادەگەیەنین، بڕیارماندا چیتر چاوەڕوان نەبین و بە ناچاری نووسینگەکەمان لەو وڵاتە، دابخەین و پشت بە سەرچاوەی دیکەی زانیاری میدیایی لە شار و شارۆچکە و ناوچە جیاوازەکانی رۆژئاوای کوردستان ببەستین، کە رەنگە ئەمەش بەپێی خواست و ویستی ئێمە نەبێت".
هه‌روه‌ها تێیدا هاتووه: "رێگریکردن لە کاری ئێمە لەلایەن ئیدارەی باکووری سووریاوە، جگە لەوەی دژی ئازادی رۆژنامەوانی و پرەنسیپەکانی دیموکراتییە، ئاماژەیەکی خراپ و ترسناکیشە بۆ شێوازی ئیدارەکردن و ئازادییەکانی تاك و کاری میدیایی و سیاسی، کە لەو رووەوە بەردەوام رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئیدارەی باکووری سووریا دەگیرێ و ئەمەش دەبێتە بەڵگەیەکی دیکە".
دوای ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ش، له هه‌رێمی كوردستان سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ئیدانه‌ی بڕیاری داخستنه‌كه‌ی كرد.
.jpg)
هه‌روه‌ها سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستانی سووریادا وێڕای ئیدانه‌ی بڕیاره‌كه، رایگه‌یاند، "كوردستان 24 پرۆفیشناڵانه و بێلایه‌نانه كاری كردووه".
.jpg)
له ئاستی سووریاش، روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24ی كرد و رایگه‌یاند، له چوارچێوه‌ی به‌دواداچوونی بۆ كاری كه‌ناڵه‌كه له ناو خاكی سووریا، بۆیان ده‌ركه‌وتووه، كوردستان24 به‌و په‌ڕی پیشه‌ییه‌وه كاری كردووه و راگرتنی كاركردنیشی به پێشێلكاری روونی ئازادی میدیا داده‌نێت، به تایبه‌تی له كاتێكدا كه كه‌ناڵه‌كه لایه‌نگری هیچ لایه‌نێك نییه له دژی لایه‌نێكی دیكه.
روانگه‌ی سووریا داواشی له ئیداره‌ی باكوور و رۆژهه‌ڵاتی سووریا كرد، رێگه بده‌ن، كه‌ناڵی كوردستان24 كاره‌كانی خۆی بكات. دوای ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی میدیای ده‌سه‌ڵاتی خۆبه‌ڕێوبه‌ری ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو مانگه كاره‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه‌ی راگرتووه، به هۆی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه میدیاییه‌ی كه له‌گه‌ڵ عوسمان ئۆجه‌لان، برای عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی رێبه‌ری په‌كه‌كه ئه‌نجامیدابوو.
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هاووڵاتیان و به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و تۆڕانه، ره‌خنه‌یان له بڕیاری داخستنی نووسینگه‌كانی كوردستان24 گرتووه و بڕیاره‌كه‌یان به "پێشێلكردنی بنه‌ماكانی ئازادی" وه‌سفكردووه.
به‌در شێرۆكی نووسه‌ر، له‌و باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی: "راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ له هه‌ر وڵاتێك شووره‌ی به‌رگری له دامه‌زراوه دیموكراتیه‌كانی كۆمه‌ڵگه و ئازادییه مه‌ده‌نییه‌كانه".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "راگرتنی كاری كوردستان24 نموونه و مۆدیلی په‌كه‌كه‌یه، له كوردستانی رۆژئاوا، كه راگه‌یاندنی ئازاد و گه‌یاندنی زانیاری وه‌ك خۆی و به بێ سانسۆر به هاووڵاتیان بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆی، به مه‌ترسی ده‌زانێ".

بڕیار كۆتی، چالاك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، له‌و باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی: "بڕیاره‌كه له قه‌ندیل ده‌رچووه و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی به ئیداره‌ی زاتیشهوه نییه و توانای ئه‌وه‌شی نییه بیوه‌ستێنێت".
هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: "جێی پێكه‌نینه به‌یاننامه‌كه‌ی یه‌كێتی میدیای ئازاد، كه باسی له‌وه كردووه، پێشكه‌شكارێكی به‌رنامه عوسمان ئۆجه‌لانی نه‌وه‌ستاندووه له هێرشكردنه سه‌ر به‌سێ هۆزات، نازانم په‌یوه‌ندی ئه‌و پرسه به داخستنی نووسینگه‌ی كوردستان24 له قامیشلۆ چییه".

نووسه‌ر و چالاكوان، ته‌ها ئه‌لحامد، پشتیوانی خۆی بۆ كوردستان24 ده‌ربڕیوه و رایگه‌یاندووه، ئه‌و دژی ئه‌و بڕیاره‌یه.
ته‌ها ئه‌لحامد نووسیویه‌تی: "ئه‌وه بڕیاری تاكه‌كه‌سییه و به عه‌قڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی حزبی ده‌ركراوه و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به سیاسه‌تی ئیداره‌ی زاتیی و یاساكانییهوه نییه. ئه‌و بڕیاره پێشێلكردنی ئاشكرای په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیسته‌می ئیداره‌ی زاتیی و ته‌نانه‌ت دژ و پێچه‌وانه‌شه له‌گه‌ڵ فكر و رێنماییه فه‌لسه‌فییه‌كانی ئۆجه‌لان".

هه‌روه‌ها داراڤ قاسم پشتیوانی بۆ كوردستان24 ده‌ربڕیوه و نووسیویه‌تی: "رۆژنامه‌نووسانی كوردستان24 له واشنتن دیارترین ئه‌و رۆژنامه‌نووسه كوردانه بوون كاریان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی رۆژئاوا كردووه و داخوازی و ده‌نگی كوردیان گه‌یاندووه‌ته كۆنگره‌كانی پێنتاگۆن و كۆشكی سپی و كۆنگرێس و فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا".

فاروق حاجى مسته‌فای نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس له‌و باره‌یه‌وه به عه‌ره‌بی و ئینگلیزیی نووسیویه‌تی: "هه‌ر پرسیار و داوایه‌ك ویستبێتت بیگه‌یه‌نی به به‌رپرسان له كۆنگرێس و كۆشی سپی و پێنتاگۆن، رۆژنامه‌نووسانی ئه‌و كه‌ناڵه گه‌یاندوویانه".

نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس شڤان ئیبراهیم له‌و باره‌یه‌وه نووسیویه‌تی: "داخستنی كوردستان24، به‌داخه‌وه پێشێلكارییه‌كی بێپه‌روای ئازادی میدیايه و ئه‌و كه‌ناڵه له رووماڵی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان، پشتیوانێكی گرنگی ئه‌و خوێنه بوو كه رژا و ئه‌مڕۆ هه‌موو میدیاكارانی خاوه‌ن بڕوا به فره‌یی و دیموكراسی هه‌ست به داخ و په‌ژاره ده‌كه‌ن".

هه‌روه‌ها هاشم عه‌ره‌فات له‌و باره‌یه‌وه وێڕای بڵاوكردنه‌وه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی كوردستان24 نووسیویه‌تی: "هه‌موو رێز و هه‌ماهه‌نگییه‌ك بۆ تیمی كوردستان24 له رۆژئاوا و ئێوه كارێكی ناوازه‌تان له ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوو پێشكه‌ش كرد".
