مه‌سرور بارزانی: ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش هێشتا ماون

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دەکات

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ سێشەممە 2019/9/3 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە شاندێکی باڵای سەربازی ئەمەریکی بەسەرۆکایەتی جەنەراڵ لا کامرا، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئاسایشی عێراق و ناوچەکە کرا و جەنەڕال لاکامرا ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان کرد لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی جموجۆلی شانەکانی داعش کە ئێستا لە زۆر ناوچەی عێراقدا هەڕەشەی جیددین بۆ سەرناوچەکە و رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەتیش ئەمەریکای کرد لە شەڕی دژبە داعش.  روونیشکردەوە کە ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش هێشتا هەر ماون بۆیەش دەبینین لە زۆر ناوچەدا داعش دەستی بە کاری تیرۆریستی کردووەتەوە و بووەتە هەڕەشەی جیددی بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی سەقامگیربوونی ئاسایش لە عێراق کاریگەریی ئەرێنی دەبێت بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە بە گشتی.

ئ. م